هونەرمەند ئیسماعیل سابوری بۆ گوڵان: جارێك بـە خۆشەویستی و جارێك بـە رێكەوت ژیانی هاوسـەرێتیم پێكهێناوە

هونەرمەند ئیسماعیل سابوری بۆ گوڵان: جارێك بـە خۆشەویستی و جارێك بـە رێكەوت ژیانی هاوسـەرێتیم پێكهێناوە
ئیسماعیل سابوری هونەرمەندێكی دیار و بەئەزموونی نێو دنیای هونەری رەسەن و مۆسیقای كوردییە و توانیویەتی تا ئاستێكی باش خزمەتەتی خۆی لەو بوارەدا پێشكەش بكات، ئەو یەكێكە لە هونەرمەندەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە سلێمانی نیشتەجێیە، لەدیدارێكی گۆڤاری گوڵان بەڕێزیان بەمشێوەیە هاتە ئاحاوتن.
دیمانە:سۆران مارف كەریم
[email protected]

* رەسەنایەتی هونەری كوردی چۆن پێناسە دەكەیت؟
- بە داخەوە ئێستا زۆر ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوانە دەكرێت كەوا خۆیان فەوزیان لە بوارەكە دا دروستكردووە و ئەوان قسەیان لەو رووەوە هەیە، زۆریك لە بەرهەمە هونەرییەكان نەبۆن و بەرامەیەك نە رەسەنایەتییەك بە كارەكانیانەوە بەدی ناكرێت، هەر چەند گەشبینم بە داهاتووی هونەری كوردی و رەشبین نیم، بەداخەوە میدیاكانیش زۆر خەتابارن لە بڵاوبوونەوەی ئەم قەیرانە كە تووشی هونەری كوردی بۆتەوە.
* لەو بەرهەمانەی كەوا پێشكەشت كردوون هیچ گۆرانییەكت گوتووە گوزارشت بێت لە ژیانی تایبەتی خۆت؟
- ئەگەر هونەرمەند بە ویژدانەوە لە هونەرەكەی بڕوانێت، لە رستیدا كارێك ناكات نەشیاو بێت، لە رستیدا كارم لەسەر ئەو تێكستانە كردووە كەوا شاعیرە گەورەكانی كورد نووسیوویانە، جیاواز لەوەش كارێكم كردووە كەوا لەگەڵ هەست و ئیحساسی خۆمدا یەكی گرتبێتەوە.
*هیچ گۆرانییەكت گوتووە بۆ كەسێكی دیاریكراو بێت یان بۆ كەسێك بووبێت كەوا خۆشت ویستبێت؟
-بەو شێوازە نەبووە.
*ئەی خۆشەویستی بوونی هەبووە لە ژیانی ئیسماعیل سابووری دا؟
- ئەی چۆن ژیان بەبێ خۆشەوستی ناكرێت و هیچ بەهایەكی نییە بەتایبەت هونەری مۆسیقا، ژیانی خۆشەویستی من لەو كاتەوە دەستی پێكرد كەوا خۆم ناسیووە.
* تۆ بە خۆشەویستی ژیانی هاوسەرێتیت پێكهێناوە؟
- بۆ پێكهێنانی یەكەم ژیانی خۆشەویستی بۆ ماوەی ساڵێك پێوەندی خۆشەویستیمان هەبووە، بە خۆشەویستی ژیانی هاوسەرێتیمان پێكهێناوە، جاری دووەم كەوا ژیانی هاوسەرێتیم پێكهێناوە بە خۆشەویستی نەبووە، بەڵكو بە رێكەوت پێكمهێناوە، هاوسەركەم هەورامییە خەڵكی تەوێڵەیە.
*چی بێزارت دەكات؟
- كاتێك ئافرەتێك ببینم كەوا ناسازییەكی هەیە، گریانی منداڵێكی بێ دایك و باوك، دڵ تەنگم بۆ ئەوانەی رەنج دەدەن كەچی هەوڵەكانیان بە خۆڕایی دەڕوات، هەرگیز توڕە نابم، بەڵام خەم دەخۆم.
* كەی بیر لە دروستكردنی بەرهەمێكی نوی دەكەیتەوە؟
- ئێستا لە كاتی بیركردنەوەی بەرهەمێكی نوێم و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە كاری لەسەر دەكەم، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئیمكانیەتی ماددییەوە كارەكەم دوا كەووتووە.
*ئەگەر بكرێت لەسەر ئەو كارە نوێیە زیانیاری زیاترمان بدەیتێ؟
-دیارە ئەم بەرهەمەم بریتییە لە (8) گۆرانی و دوو مەقام كە دوو گۆرانیان فۆلكۆرن و تازەگەریم تیا كردوون، كاری تۆماركردنی ئەم بەرهەمانە لە هەولێر دەبێت.
*هەندێك لە گۆرانییە رەسەنەكان بە شێوەیەكی نۆی لەلایەن هونەرمەندانەوە نوێ دەكرێنەوە، نوێكردنەوەی ئەو بەرهەمانە رەسەنایەتی هونەرەكە كاڵ ناكاتەوە و دواجار نۆیكردنەوەی ئەو بەرهەمانە چ ئامانجێكی لە پشتەوەیە؟
- لەگەڵ ئەو بۆچوونەوەم كەوا هەندێ لەو بەرهەمانە رەسەنایەتی خۆیان لە دەست داوە، دەكرێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بەرهەمانە بكرێت كەوا نوێ دەكرێنەوە، گوناهە هەندێك بەرهەمی رەسەن بیر لە نوێكردنەوەیان بكرێت.
* تۆ خاوەنی ستایلێكی تایبەت بە خۆتی كەی بیر لە گۆڕینی ئەو ستایلە دەكەیتەوە؟
- ئەو ستایلەی من لەگەڵ سیماو هەست ئیحساسی مندا گونجاوە، ئەو كاتە بیر لە گۆڕێنی ئەو ستایلە دەكەمەوە كە بزانم جوانتر كار لەسەر دروستكردنی ئیحساسێكی هونەری نوێ دەكەمەوە، پێموایە تاوەكو ئەم كاتە ئەم هەوڵە نەبووە.
* تۆ كەمێك گۆرانی و بەرهەمی هونەریت بینراوە لەكاتێكدا كەسێكی لەو هونەرمەندانەی خاوەنی ناوبانگێكی هونەری باشیت، هۆكاری ئەو ناوبانگە هونەرییەی تۆ بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- خاوەنی ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی هونەریم، بەڵام بەداخەوە سرووشت وایكردووە كەمێك لەو بەرهەمانە بگاتە گوێی بیسەری هونەری كوردی، خاوەنی زیاتر لە سەدو سی بەرهەمی هونەریم.
* جیاوازییە هونەرییەكان كامانەن لە نێوان هونەر لە كوردستانی باشور وهونەر لە كوردستانی رۆژهەڵات؟
- وەڵڵا جیاوازی زۆر دەبینم، بە داخەوە هونەرمەندانی كوردستانی باشوور گرنگی زیاتر نادەن بەوەی زیاتر فێر بن و هەوڵی زیاتر شارەزایی بدەن لە بواری هونەری كوردیدا، بەڵام لە كوردستانی رۆژهەڵات ئەمە پێچەوانەیە. ئەو توانایی و بەهرەمەندی و هەوڵە جددیانەی لە مۆسیقای هونەری ئێرانی هەیە، پاڵپشتە سەرەكییەكەی هونەرمەندانی كوردستانی رۆژهەڵاتن. هەوڵ تەقەلای ئەوانە هونەری ئێرانی بردووە بە ئاستێكی بەرزەوە، بەداخەوە لێرە پاڵپشتی هونەری كوردی هونەری عەرەبی و توركییە.
*كەواتە هەنگاوەكان چین بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەرشیفی هونەری رەسەنی كوردی؟
- خۆزگە بەرپرسێكی باڵا بوومایە تا بمتوانیایە لیژنەیەكی هونەریم دابنایە بۆ جیاكردنەوەی كارە خراپەكان لە كارە هونەریە باشەكان و كەس حەقی ئەوەی نەبوایە بێ بڕیاری ئەو لیژنەیە كارەكانی بڵاو بكردایەتەوە تا هونەری كوردی لەو قەیرانەی كە ئەمڕۆ هەیە رزگاری بێت.
Top