هیوا سوعاد: هەشت نمایشی شانۆیی تایبەت بە منداڵ پێشكەش دەكەین

هیوا سوعاد: هەشت نمایشی شانۆیی تایبەت بە منداڵ پێشكەش دەكەین
لەرۆژی جیهانی منداڵاندا بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ بەنیازی ئەنجامدانی چەند چالاكیەكە كە سبەی دەست پێدەكات، بۆ ئەم مەبەستە بەپێویستمان زانی پێوەندی بكەین بە هیوا سوعاد بەڕێوەبەری هونەری شانۆ بۆ زانینی ناوەڕۆكی ئەو چالاكیانە و ئامانجەكانی، هەروەها گفتوگۆكردن سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای شانۆی منداڵان.
* سەرەتا پێناسەت چییە بۆ شانۆی منداڵان؟
- ئەو شانۆیانەن كە تایبەتن بە منداڵ و بۆ منداڵ دەنووسرێنەوە، منداڵ هەڵدەستێت بە بەرجەستەكردن و نواندنی یان گەورە ئەو رۆڵە دەبینن، بابەتەكە لە چوارچێوەی هزری ئەو منداڵە دەخولێتەوە، بابەتەكانی پەروەردەین بۆ پەروەردەكردنی منداڵ و گەشەسەندنی تواناكانیەتی، لەم سەردەمەدا شانۆی منداڵان زۆر گرنگ و پێویستە لەبەر ئەوەی زۆرجار ئێمە باس لە كێشە و قەیرانی شانۆ دەكەین، دەبێت ئێمە لەسەرەتاوە لە شانۆی منداڵانەوە دەست پێبكەین نەوەیەك بە خۆشەویستی و بەرز راگرتنی شانۆ پەروەردە بكەین، زۆر گرنگە لێرەدا سوود لە توانا و بەهرەی منداڵان وەربگرین و تواناكانیان بزانین، كاربكەین بە هەموو لایەك بەشێوەیەكی زانستیانە پەروەردە بكرێن و هانیان بدەین.
* مێژووی سەرهەڵدانی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
- سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ئەندێشەی سێبەر یان خەیاڵی سێبەر كە كاتی خۆی لەلایەن چینیە كۆنەكان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاسیا ئەو كارە دەكرا، دواتر بووكە شووشە بەكاردەهات لەئەوروپا لەبەر ئەوەی كەنیسە نەیدەهێشت شانۆ بكرێت و قەدەغەی كردبوو، وایان دادەنا كە شانۆ بە زیانی خۆیان دەشكێتەوە و نمایشی شانۆیان قەدەغەكردبوو، هونەرمەندان هەستان بۆ دەرخستنی بیروبۆچوونیان بووكەشووشەیان بەكاردەهێنا، دواتر گالیسكەی گەڕۆكیان بەكاردەهێنا بەرە بەرە شانۆی منداڵان سەری هەڵدا و ئێستا لەزۆربەی وڵاتان بۆ بایەخدان بە منداڵ و نەوەی نوێ بایەخێكی زۆر بەشانۆی منداڵان دەدرێت.
* بەرنامەتان چییە بۆ رۆژی جیهانی منداڵان؟
- ئەمساڵ جیا لەساڵانی رابردوو بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان فیستیڤاڵێكی شانۆیی سازدەكەین كە هەشت نمایشی شانۆیی لەخۆ دەگرێت، بیرۆكەی هەر هەموویان لەچوارچێوەی هزری منداڵان و پەروەردەكردنیان دەخولێتەوە، رۆژانە نمایشەكان پێشكەش دەكرێن، خەڵاتمان داناوە بۆ باشترین ئەكتەر و باشترین نمایش و باشترین دەرهێنەر.
* پێت وایە پێویستە چی تر بكرێت بۆ بایەخدانی زیاتر بە منداڵ؟
-پێویستە درامای منداڵان هەبێت و لەقوتابخانەكان وانەی شانۆ بگوترێتەوە، وانەی پەروەردەیان پێ بگوترێتەوە لەرێگەی شانۆوە، بە رای ئێمە باشترین هۆكار بۆ پەروەردەكردنێكی تەندروستیانەی منداڵ ئەوەیە لە رێگەی شانۆوە بتوانی پەروەردەیەكی راستەقینە و دروستی ئەو منداڵانە بكەیت.
* ئێستا منداڵانی كوردستان مافی خۆیان پێدراوە لەو شتانەی باسیان دەكەی؟
- بە رای من پێویستە بەراوردێك بكەین لەگەڵ رابردوودا، ئێستا منداڵان لەبارودۆخێكی ترن، پێداویستیەكانیان زیاتر دابینكراوە، بورای زیاتریان بۆ رەخساوە، لەكەناڵەكان بەرنامە و بایەخدانی زیاتر هەیە لەجاران، بەدەیان سیدی تایبەت بە منداڵ ئێستا بوونیان هەیە، هۆیەكان زیاترن ئەمە وەكو بەراوردێك لەگەڵ نەوەی پێشووتر، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوو، ئەوا دەبێت زیاتر بایەخ بە منداڵان بدەین، لەهەمان كاتدا دەتوانین سوود لە وڵاتە پێشكەوتووەكان وەربگرین.
* تاچەند كەناڵەكانی تەلەفزیۆن توانیویانە خزمەتی منداڵان بكەن؟
- كەمتەرخەمی هەیە، دەبێت هەموو لایەك زیاتر بایەخ بە پەروەردەكردنی هزری منداڵان بدەن.
* لەداهاتوودا بەردەوام دەبن بۆئەنجامدانی فیستیڤاڵ؟
- ئەوە یەكەم جارە فیستیڤاڵی لەوجۆرە ساز بدەین، هەوڵ دەدەین وەك نەریتێك ساڵانە ئەو یادە بكەینەوە.
Top