به‌هیواى ئه‌وه‌م گرنگى زیاتر به‌م یارییه‌ بدرێ

به‌هیواى ئه‌وه‌م گرنگى زیاتر به‌م یارییه‌ بدرێ
ئارێز عه‌لی یاریزانى كیك بۆكسینكى یانه‌ى پێنجوین
به‌هیواى ئه‌وه‌م گرنگى زیاتر به‌م یارییه‌ بدرێ
هه‌ر چه‌نده‌ یارى كیك بۆكسێنگ وه‌كو پێویست گرنگى پێ نه‌دراوه‌ له‌ چاو یارییه‌كانى تر له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاركانى كوردستان خاوه‌نى چه‌ندین یاریزانى به‌توانان كه‌ توانیویانه‌ رۆڵى كارا بگێرن له‌به‌ده‌ست هێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ئارێزعه‌لی یه‌كێك له‌م یاریزانه‌ به‌توانایانه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین پاڵه‌وانێتى نێوده‌وڵه‌تى مه‌دالیاى جۆراوجۆری به‌ده‌ست بهێنێت شان به‌شانى چه‌ندین وڵاتانى دونیا، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2001ى قه‌زاى پێنجوێن سه‌رسنوره‌ ئێستاش له‌ریزى یانه‌ى پێنجوێن یارى ده‌كات، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى ناوبراو كرده‌، ناوبراویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى ئێمه‌ى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*ئاستى یارى كیك بۆكسینگ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-له‌ راستیدا ئاستى یارى كیك بۆكسێنگ كێبركێیه‌كى باشى دروست كردوه‌ له‌ ناو یاریزانه‌ كورده‌كان، به‌ڵام پشتگیریه‌كى وای لێ نه‌كراوه‌ كه‌ پێ دڵخۆشبین.
*بۆچى یانه‌كانى كوردستان گرنگى ته‌واو به‌م یارییه‌ ناده‌ن؟
-هۆكاری ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر گرنگى پێناده‌ن، چونكه‌ وه‌ك یارییه‌كانى تۆپى پێى و تۆپى باسكه‌ و یارییه‌كانى تر وه‌كو پێویست نه‌ناسراوه‌ له‌ نێو وه‌رزشكاران.
*پشتگوێ خستنى ئه‌م یارییه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆچى ده‌گه‌رێته‌وه‌؟
-هۆكاره‌كه‌ى كه‌مته‌رخه‌مى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌م یارییه‌ و گرنگى پێنه‌دانیان به‌م یارییه‌ كه‌ زۆرجار مه‌دالیاى زێری لێ به‌ده‌ستدێت.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ په‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان؟
-بۆ به‌ره‌پێشچوونى یاری كیك بۆكسێنگ پێش هه‌موو شتێك كردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامى پاڵه‌وانێتى له‌ هه‌موو ستایله‌كانى هونه‌ره‌ جه‌نگییه‌كان، وه‌كردنه‌وه‌ى خولى راهێنه‌ری و هاوكارى كردنى یاریزانه‌كان له‌ رووى مادى و مه‌عنه‌وی.
*كێشه‌وگرفته‌كانى ئه‌م یارییه‌ له‌چى ره‌نگ ده‌داته‌وه‌؟
-گرفته‌كانى یاریزانان هاوكاری نه‌كردن و پشتگوێ خستنیان له‌لایه‌ن په‌یوه‌نداره‌كان.
*باشترین ئه‌نجامه‌كانت وه‌كو یاریزان؟
-به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى دووه‌م رۆژئاوای ئاسیا له‌ ستایلی(mma) به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى دووه‌مى عێراقی له‌ (ستایلی k1)، له‌ هه‌مان ستایل به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى یه‌كه‌مى كوردستان، چه‌ندین ئه‌نجامى ترم به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ هه‌ردوو ئاسته‌ى كه‌ باسم كرد.
*هیچ یانه‌یه‌ك داواى گرێبه‌ستى لێ كردووی بۆ یاری كردن؟
-جگه‌ له‌ یانه‌ى وه‌رزشی پێنجوێن بۆ گروپی وه‌رزشی قه‌یوان یاریم كردوه‌ و سپۆنسه‌ریان كردوم بۆ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك.
*ئامانجت چیه‌ له‌م وه‌رزشه‌؟
- من ئامانجم زۆره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ولێكى زۆرم داوه‌ و به‌رده‌وامم بۆ یارییه‌كانم له‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات ئه‌نجام بده‌م، به‌رنامه‌ى من ئه‌وه‌یه‌ ئاڵاى كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رز بكه‌مه‌وه‌.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌؟
-له‌ داهاتوویه‌كى نزیك ببمه‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ دیاره‌كانى ئه‌وروپا له‌ ستایلی ( mma).
*كێ هاوكاریت ده‌كات ؟
-من له‌ شارى پێنجوێنم له‌ ناوشاری حۆم لاى مامۆستاكانم شاڵاو عه‌لی و پاڵه‌ عه‌دنان هه‌ر ئه‌و یانه‌یه‌ش هاوكاریم ده‌كات.
*له‌ كۆتایدا ده‌ته‌وێت چى بلێ؟
-به‌هیواى ئه‌وه‌م گرنگى زیاتر به‌م یارییه‌ بدرێ و خزمه‌تى زیاتری ئه‌م یارییه‌ بكرێ، سوپاسى بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ى به‌ وه‌رزشكارانى ده‌كات له‌ كوردستان.

Top