بۆ مێژوو : كورد سه‌رپه‌رشتى یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئۆلمپی عێراقی به‌رێوه‌چوو

بۆ مێژوو : كورد سه‌رپه‌رشتى یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئۆلمپی عێراقی به‌رێوه‌چوو
بۆ مێژوو : كورد سه‌رپه‌رشتى یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئۆلمپی عێراقی به‌رێوه‌چوو

دوای روخانی رژێمی سه‌دام، هه‌رچی دام وده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ هه‌بوو خاپوركرا یانیش هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ به‌هۆی راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری و شه‌رو جه‌نگه‌وه‌، به‌له‌ناو چوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس شیرازه‌ی دام و ده‌زگاكانی ده‌وله‌ت له‌ به‌غدا هه‌ڵوشایه‌وه‌، باروو دۆخی عێراق له‌ قۆناغێكی شپرزه‌ و ئاژاوه‌گێری و بێ خاوه‌نی مایه‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ چینێك هه‌ن له‌ كۆمه‌ڵگا خه‌مخۆری ووڵاته‌كه‌یان بن و له‌هه‌وڵی بونیادنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان بن.
لیژنه‌ی ئۆلومپی عێراق یه‌كێك بوو له‌و دامه‌زراوه‌ هه‌ستیارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ عوده‌ی كوری سه‌دام كردبووی به‌ باره‌گای خۆی و ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتبوو و به‌هه‌وه‌سی خۆی وه‌رزشوانه‌ به‌تواناكانی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دا و دووری ده‌خستنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌دڵی ئه‌و نه‌بوایه‌ دوور ده‌خرایه‌وه‌.
تازه‌ رژێمی عێراق روخێنرابوو عێراقیش ئازاد كرابوو، كاتێك ئه‌نجومه‌نی ئۆلمپی ئاسیایی به‌سه‌رۆكایه‌تی شیخ محه‌مه‌د فهد سباح بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی وه‌رزشوانانی عێراقی كرد له‌ وولاتانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق تا ئه‌نجومه‌نی ئۆلمپی عێراق به‌سه‌ركردایه‌تیه‌كی تازه‌ دابمه‌زرێننه‌وه‌، ئه‌م بانگه‌وازه‌ وای له‌ وه‌رزشوانه‌ به‌تواناو دێرینه‌كان كرد ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانێك بوو به‌ هۆكاری نابه‌جێ عوده‌ی ده‌ربه‌ده‌ری كردبوون، بیر له‌ وه‌رزشی ووڵاته‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌ و یه‌ك بگرنه‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی وه‌رزش وانان، بریاردرا كۆنگره‌كه‌ له‌ ووڵاتی ئه‌ڵمانیا و له‌ شاری مانهایم ببه‌سترێت له‌ رۆژانی(27/28-4- 2003) ئه‌م كۆنگره‌یه‌ تێچوو خه‌رجیه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی كوێت دابین كرابوو، كه‌ نزیكه‌ی (250)كه‌سایه‌تی و وه‌رزشوانانی عێراقی له‌ ووڵاتانی ئه‌مریكا وكه‌نه‌دا وئوسترالیا ونیوزله‌ندا و كه‌نداوی عه‌ره‌بی هاتبوون بۆ به‌شداری له‌ كۆنگره‌كه‌، ته‌نها هیچ كوردێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا میوانداری نه‌كرابوو. كۆنگره‌ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد به‌ ئاماده‌ بوون و چاودێری ئه‌نجومه‌نی ئۆلمپی ئاسیا و به‌ ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رایه‌تی كورد و عێراق كه‌له‌لایه‌ن شاره‌وانی شاره‌كه‌وه‌ راسپێردرام بۆ ئاماده‌بوون له‌ كۆنگره‌كه‌ خۆم بووم(( وریا یونس)) و پارته‌ كوردستانییه‌كان و وه‌به‌ئاماده‌ بوونی چه‌ند وه‌رزشوانی كورد.
كۆنگره‌ مه‌به‌ستی بوو ئه‌نجومه‌نێكی تازه‌ و دوور له‌ به‌عسیه‌كان دابمه‌زرێته‌وه‌ له‌و كه‌سایه‌تی و وه‌رزش وانه‌ دێرینانه‌ی كه‌ ساڵانێك بوو دوور خرابوونه‌وه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌كانی عوده‌ی سه‌دام، هه‌روا به‌شدار بوان زۆر لایان گرنگ بوو كه‌ نابێ ئه‌ندامانی كۆن و نزیك له‌ عوده‌ی چیتر جێگایان له‌م لیّژنه‌یه‌ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری عێراق و ئاماده‌نه‌بوونی به‌شێك له‌و وه‌رزش وانانه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی عێراق بوون و نه‌یان توانی بوو بگه‌نه‌ كۆنگره‌كه‌ی مانهایم، جه‌خت كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ئاماده‌بوان بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ ئاماده‌بوونی ئه‌م وه‌رزش وانه‌ به‌توانایانه‌ی ناوه‌وه‌ی عێراق ناكرێ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئۆلمپی دابمه‌زرێنرێت، تائه‌وكاته‌ی كۆنگره‌یه‌كی تر له‌ به‌غدا ده‌به‌سترێ ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ تازه‌ بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ كۆنگره‌ بریاری دا لێژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی شه‌رار حه‌یده‌ر و محمه‌د حارس جێگری لێژنه‌ و 18 ئه‌ندام له‌ نوسینگه‌ی جێبه‌جێكاری لێژنه‌كه‌ دابمه‌زرێت، كۆنگره‌ چه‌ندین بریارو راسپارده‌ی گه‌نگه‌شه‌كرد ، كورد كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ بوو.دوای ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئۆلمپی ئاسیا بریاریدا دان به‌ كۆنگره‌كه‌ی مانهایم بنێ وه‌ك جێگره‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نی تازه‌ی ئۆلمپی عێراق.
وریا یونس

Top