به‌رده‌وامى و كۆڵنه‌دان ئه‌وه‌ى له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌وو شتێكه‌ بۆمن

به‌رده‌وامى و كۆڵنه‌دان ئه‌وه‌ى له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌وو شتێكه‌ بۆمن
كنێرمه‌حمود یاریزانى هێزی له‌ش
به‌رده‌وامى و كۆڵنه‌دان ئه‌وه‌ى له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌وو شتێكه‌ بۆمن
پارێزگاى سلێمانى كه‌ شوێنى پێگه‌یاندنى چه‌ندین یاریزانى به‌توانا بووه‌ له‌ ئاستى كچان به‌تایبه‌ت له‌ یارییه‌ تاكه‌كان كه‌ توانیویانه‌ شوێن په‌نجه‌یان له‌ وه‌رزشی كوردستان دیار بێت، یارى له‌ش جوانى و هێزى له‌ش و له‌شرێكى یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ بۆ ئافره‌تان هێشتا رۆڵى ته‌واوى خۆى نه‌گێراوه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان، به‌ڵام هۆڵ و یانه‌كانى شاره‌كانى كوردستان خاوه‌نى چه‌ندین یاریزانى به‌توانا وبه‌ هره‌مه‌ندن بۆ داهاتووى ئه‌م یارییه‌، كنێرمه‌حمود له‌ كێشى خۆى یه‌كه‌می كوردستان بووه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوو راهێنه‌رو یاریزانى هۆڵى له‌شجوانى (HS Fitnesse) له‌ دایك بووى ساڵى 1984ى شارى سلێمانییه‌ و ئامانجى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌م وه‌رزشه‌، ئه‌و ده‌وێت وه‌كو ئافره‌تێكى وه‌رزش كار خزمه‌تى وه‌رزشى ئافره‌تان بكات، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
فۆتۆ:ناسح عه‌لی خه‌یات
* چۆن بوو ئه‌م وه‌رزشه‌ت هه‌ڵبژارد؟
-حه‌زم بۆ وه‌رزش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى منداڵیم، به‌ڵام به‌ چه‌ند هۆكاریك نه‌متوانى ببم به‌ وه‌رزشكار، به‌ڵام له‌ ئێستا سوپاس بۆ خواى گه‌وره‌ توانیم له‌ پاڵ هونه‌ردا وه‌رزشیش هه‌ڵبژێرم، هه‌ڵبه‌ت هۆكاری سه‌ره‌كیم براكه‌مه‌ كه‌ یاریزانى له‌شجوانییه‌.
* هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشێكى قورست هه‌ڵبژاردووه‌؟
-نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هیچ قورسییه‌ك له‌م وه‌رزشه‌دا نابینم ئه‌مه‌ خه‌ونى منه‌ كه‌واته‌ قورس نییه‌.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسایی و له‌ش جوانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
- سوپاس بۆ خوا له‌ هه‌ردووكیتن سه‌ركه‌وتووم، ناتوانم بلێم له‌ یه‌ك یاری سه‌ركه‌وتووترم، چونكه‌ گرنگى ته‌واو ده‌ده‌م به‌ هه‌ردوو یارى.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ له‌ ئاستى كچان به‌ شێوه‌یه‌كى باش پێشوازى لێنه‌كراوه‌ له‌ شاره‌كان؟
- بێگومان هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى یاریزانى كچ زۆر كه‌م بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى كچان ده‌ترسن له‌ هه‌ڵگرتنى قورسایی.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-تاڕاده‌یه‌ك ده‌توانم بلێم باشه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ پێى پێویست گرنگى پێنه‌دراوه‌.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-سه‌ره‌تا ده‌بێت كچان خودى خۆیان حه‌زیان هه‌بێت بۆ وه‌رزش، له‌لایه‌كی تریش خێزان ببێته‌ پاڵپشت بۆیان، ئاستى رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ زیاتر بێت بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌ تا كچانیش بتوانن ببنه‌ پێشه‌نگ له‌م جۆره‌ وه‌رزشه‌.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-به‌رده‌وامى و كۆڵنه‌دان ئه‌وه‌ى له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌وو شتێكه‌ بۆمن، یه‌ك پاڵه‌وانێتى به‌شداریم كردوه‌ سه‌ركه‌وتوو بوویه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان، هه‌وڵیش ده‌ده‌م ئه‌نجامم باشتر بێت.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
-وه‌كو خۆم هیچ گرفتێك نابینم، چونكه‌ هه‌موو ده‌رگاكان به‌ روومدا كراوه‌یه‌ سوپاس بۆخوا.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-ببم به‌ یاریزانێكى سه‌ركه‌وتوو.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن بۆ وه‌رزش كردن؟
-به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ماددى و مه‌عنه‌وی هاوكارمن، لێره‌وه‌ سوپاسیان ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو كات پاڵپشتى منن به‌تایبه‌ت براكه‌م هه‌م راهێنه‌ر هه‌م هاورێ منه‌ ئاراز مه‌حمود هه‌میشه‌ هاوكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببمه‌ یاریزانێكى سه‌ركه‌وتوو له‌ بوارى له‌شجوانى و هێزى له‌ش.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-هیوادارم كچان بتوانن بێنه‌ نێو ئه‌م وه‌رزشه‌ هه‌ر له‌به‌ر لایه‌نى ده‌روونى و هه‌م ته‌ندروستى و له‌ش ولارێكى رێك و جوان زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ جوانه‌ى له‌ شاروشارۆچكه‌كانى كوردستان ئه‌نجامى ده‌دات.



Top