پێویستە ڕاهێنەری بەتوانا بهێنین
شاری سلێمانی یەكێكە لەو شارانەی كە چەندین یاریزانی بەتوانای لەسەر ئاستی عێراق پێگەیاندوە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی سەرچنار یاریزان (محەمەدجەناب)، لەدایكبووی ساڵی 1986ی شاری سلێمانیە ویەكێكە لە یاریزانەكان لە یاری سنۆكەر نازناوی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەدەستهێناوە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەسەر ئاستی عێراق ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بووخۆت لە نێو دنیای یاری بلیارد دۆزییەوە؟
-من سەرەتا خۆم هۆڵی یاری بلیاردم هەبووە، دواتریش خولیای ئەوەم هەبوو كەبتوانم یاریزانێكی باشم لێ دەربچێ بۆیە ئەم یارییەم هەڵبژارد.
*ئاستی یاری بلیارد چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- ماوەی چەند ساڵێكە یاری بلیارد گرنگەیەكی زۆری پێدراوە لەسەر ئاستی شارەكانی كوردستان، ئەمساڵیش هەنگاو دەنێت و بەرەوپێشەوە دەچێت، یاریزانی زۆر بەتوانا ڕوو لەم یارییە دەكەن.
* وەكو یاریزانێكی هەڵبژاردەی عێراق بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان؟
-ئەگەر ئێمە بمانەوێت گرنگی بەم یارییە بدەین و ئەم یارییە زیاتر پێشبكەوێت، پێویستە ڕاهێنەرێكی بەتوانا دابین بكەین بۆیاریزانانی بلیارد بۆئەوەی ئاست و توانیان زیاتر بەرەو پێش بچێت، یاریزانەكانیش بەردەوام بن لە یاری بلیارد.
* بۆچی ئەم یارییە گرنگی زۆری پێنادرێت لە شارەكان ؟
-ئەم یارییە خۆی لەلایەن یانەكانەوە گرنگی پێ نادرێت، ئەگەر یاریزانی زۆر بەتوانا لە شارەكان هەن كە ئاستیان زۆر بەرزە لەسەر ئاستی ئاسیا، یانەكانیش یاریزان لە خۆیان كۆناكەنەوە بۆیە یارییەكە وای لێ دێت بچێتە دواوە.
* حەزدەكەی یانەكانی كوردستان ویەكێتیی بلیارد ڕاهێنەری بیانی بهێنێتە كوردستان بۆپێشكەوتنی یارییەكە؟
-ئەوەی هیوای ئێمەیە چەند ڕاهێنەری بەتوانا مەشقمان پێبكات، زیاتر ئاستمان پێشدەكەوێت .
* بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامی لە یاری بلیارد؟
-یاریزانی بەناوبانگی بلیارد سۆلیڤان .
* بۆچی یاری بلیارد دەكەی ؟
-ئەوە هیوای منە لە یاری سنۆكەر، سوپاس بۆخوای گەورە سەركەوتووبووم تێیدا.
* هیواو ئاواتت چییە لە یاری بلیارد؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم لەسەر ئاستی ئاسیاو وڵاتانی عەرەبی ببمە پاڵەوان.
* لەماڵەوە هاوكاریت دەكەن، بۆئەنجامدانی ئەم یارییە ؟
-بەڵێ زۆریش هاوكارمن منیش گرنگی زیاتر بەخۆم دەدەم بۆپێشكەوتنی خۆم لەم یارییە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، كە خزمەتێكی باشی یارییە جۆراوجۆرەكان دەكەن لەسەر ئاستی كوردستان بەبێ جیاوازی بۆگشت شارەكان.