لیژنه‌ى ئۆلۆمپی به‌ده‌ستهێنانى جامى ڤیڤا له‌لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ى كوردستانه‌وه‌ به‌رزده‌نرخێنێت

لیژنه‌ى ئۆلۆمپی به‌ده‌ستهێنانى جامى ڤیڤا له‌لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ى كوردستانه‌وه‌ به‌رزده‌نرخێنێت
گولاَن: كارزان كانه‌بى
پێشنیوه‌رۆى ئه‌مرۆ 10-6-2012 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌لاح حه‌سه‌ن خه‌سرۆ سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی كۆمیته‌ى ته‌نفیزى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی به‌رێووه‌چوو.
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا چه‌ندین بریار و راسپارده‌ى گرنگ سه‌باره‌تى به‌ وه‌رزشى كوردستان گفتوگۆى له‌ سه‌ر كرا،ده‌رباره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ حه‌ربی خالید وته‌بێژى ره‌سمى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا له‌م چه‌ند خاڵه‌ى خواره‌وه‌ى ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌ى خسته‌ روو:
1-پیرۆزبایكردن له‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان، دواى به‌ده‌ستهێنانى جامى ڤیڤا كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ده‌ستكه‌وتێكى مێژوویی و پربایه‌خ ده‌ژمێردرێت ،چ له‌ رووى ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى پێنجه‌مى ڤیڤا له‌ هه‌رێمى كوردستان و چ له‌ رووى به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌كه‌.
2-ده‌ستخۆشی كردن له‌ یه‌كێتى تۆپی پێى كوردستان و ناوبژیوانان و سه‌رپه‌رشتیاران و راگه‌یاندكاران وكارمه‌ندانى پۆلیس و ئاسایش وته‌ندروستى و جه‌ماوه‌رى وه‌رزشى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ماوه‌ى به‌رێووه‌چوونى پێنجه‌مین پاڵه‌وانێتى ڤیڤا هه‌میشه‌ و به‌ بێ ماندوو بوون پاڵپشتیه‌كى به‌هێز و نمونه‌یی هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان بوون و به‌شێك بوون له‌ سه‌ركه‌وتنى پاڵه‌وانێتێیه‌كه‌.
3-لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌رێمى كوردستان سوپاسنامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى لاوانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات،دواى ئه‌وه‌ى خه‌لاَت كردنى هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان به‌ برى 75 ملیۆن دینار.
4-ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان لیژنه‌ى ئۆلۆمپی كوردستان و عێراق،سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی عێراق (ره‌عد حه‌مودى) به‌ نوسراوى ره‌سمى داواى له‌ لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌رێمى كوردستان كردووه‌،بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ ئیمزاكردنى پرۆتۆكۆلێكى وه‌رزشى له‌ نێوان هه‌ردوولا بۆ ئه‌وى ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ كاركردن و رێكخستنى هه‌موو لایه‌نه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ وه‌رزش له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان،بۆ ئه‌مه‌ش كۆمیته‌ى ته‌نفیزى به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌روانێته‌ ئه‌و نوسراو و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی عێراق و بریاریدا له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست نیشانى كات و شوێنى ئه‌نجامدانى ئه‌و دانیشتنه‌ دیارى بكات.
5- بریادرا به‌ ده‌ست نیشان كردنى ئه‌ندامانى كۆمیته‌ى ته‌نفیزى بۆ چاودێرى كردنى ئه‌و چالاكیانه‌ى كه‌ له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.
6-سه‌باره‌ت به‌ داوایه‌كى (كلۆدیۆ مۆسیس) كه‌ هاولاَتیه‌كى به‌رازیلیه‌ و دانیشتووى شارى هه‌ولێره‌،پرۆژه‌یه‌كى بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌كادیمایه‌كى وه‌رزشى له‌ شارى هه‌ولێر پێشكه‌ش كردووه‌،له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تی رۆشنبیرى نێدراوه‌ته‌ لیژنه‌ى ئۆلۆمپی،بریاردرا به‌ رِه‌زامه‌ندى ده‌ربرین له‌ سه‌ر پرۆژه‌كه‌ و ده‌سنیشان كردنى ئه‌ندامێكى كۆمیته‌ى ته‌نفیزى بۆ به‌داواداچوونى پرۆژه‌كه‌.
7-سه‌باره‌ت به‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ داوایان كردووه‌ ببنه‌ سپۆنسه‌رى سه‌ره‌كى چالاكیه‌ وه‌رزشیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان،بریاردرا به‌ دانیشتن و و وتو وێژ كردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر رێنمایه‌كانى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌رێمى كوردستان بن.
Top