یانەی نەورۆز خۆی نوێ دەكاتەوە
دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی نەورۆز بە وەرزێكی خراپی وەرزشی تێپەڕی، كە نەیتوانی ئەنجامێكی شایستە لەخولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان بەدەستبهێنێت، ئەمساڵیش دوای ئەوەی دەستەی كارگێڕی یانەی نەورۆز گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەری بەناوبانگی شاری سلێمانی ڕزگار عەلی مۆركرد، بەنیازە لەم وەرزە بەپشت بەستن بەهێنانی ژمارەیەك لەیاریزانی خاوەن ئەزموون خۆیان بگەیەننەوە ڕیزی یانە پلە نایابەكانی كوردستان، لەم بارەشەوە بۆ فایلی وەرزشی گوڵان (رزگارعەلی) ڕاهێنەری یانەی نەورۆز گوتی "من ماوەیەكە ئەم تیپەم وەرگرتووە، لەئێستاشدا سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی تیپەكەو دانانی بەرنامەیەكی توكمەم بۆئەوەی بتوانم تیپی یانەی نەورۆز بگەیەنمەوە ئاستی جارانی خۆی، لەئێستاشدا جگە لە 4 یاریزان هیچ یاریزانێكی تر ڕیزی یانەكەی بەجێنەهێشتووە، بەرنامەشمان داناوە كە چۆن تیپەكە هەڵسێنینەوە، قسەشم لەگەڵ سەرۆكی یانەكە كردووە كە هاوكاری تەواومان بێت، بۆئەوەی تیپەكە بگەیەنینەوە پلە نایابی كوردستان". گوتیشی ئێمە لەئێستادا گفتوگۆیی تەواومان كردووە بۆئەوەی گرێبەست لەگەڵ شەش یاریزان بكەین كە لەهەریەك لەیانەكانی پێشمەرگەی سلێمانی و هەڵەبجە و سیروانی نوێ و سلێمانی یاری دەكەن، چوار یاریزان لەخولی پلە نایاب یاری دەكەن دێنە لای ئێمە و هەوڵیش دەدەین ئەگەر هەر یاریزانێك لەشاری هەولێر و دهۆك بەئێمە ڕازی بێت ئێمەش دەرگامان كراوەیە بۆئەوەی لەباوەشیان بگرین و سوود لەتواناكانیان وەربگرین، لەئێستاشدا هیچ كێشەو گرفتێكمان لەڕووی داراییەوە نییە، ئێمەش هەوڵی باش دەدەین كە تیپەكە هەڵسێنینەوە و بەڵێنیشمان داوە ئەم كارە بكەین.