ڕەند خەلیل یاریزانی تێنسی سەرزەوی یانەی دهۆك:

ڕەند خەلیل یاریزانی تێنسی سەرزەوی یانەی دهۆك:
شاری دهۆك یەكێكە لەشارە هەرە پێشكەوتووەكان لەیاری تێنسی سەرزەوی و چەندین یاریزانی بەتوانا لەم شارە دروست بووە كەئێستا شوێن پەنجەیان دیارە لەیاری تێنسی سەرزەوی عێراق، یەكێك لەم یاریزانانەش كچە یاریزان ڕەند خەلیل لەدایكبووی ساڵی 1999ی شاری دهۆكە، یەكێكە لەیاریزانە هەرە بەتواناكانی كوردستان، خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لەیانەی دهۆك پاشەڕۆژێكی باشی لێ چاوەڕوان دەكرێت. ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی ئەم یارییە بەگشتی چۆن دەبینی لەشارەكانی كوردستان؟
-پێموایە لەئێستادا ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە لەگشت شارەكانی كوردستان، بۆیە لەشارەكانیش چەندین یاریزانی بەتوانا پەیدا بووینە كە دەتوانن ململانێی بەهێز لەگەڵ یاریزانانی تری شارەكانی عێراقی بكەن و هیچیشیان لەیاریزانی وڵاتانی عەرەبی كەمتر نییە، ئەوەش بەڵگەیە كە ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
*یاری تێنسی سەرزەوی لەشاری دهۆك لەچ ئاستێكە؟
-شاری دهۆك یەكێكە لەشارە هەرە پێشكەوتووەكان لەیاری تێنسی سەرزەوی، چونكە لەم شارە خەمخۆرانی ئەم یارییە یەكجار زۆرە هەوڵی جددی دەدەن بۆدروستكردنی یاریزان و گرنگی دانی زیاتر بەیاری تێنسی سەرزەوی لەشارەكانی كوردستان، دهۆك بەگرنگترین شاری تێنسی سەرزەوی دادەنرێت لەعێراق.
*بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە؟
-دروستكردنی یاریگای یەكجار زۆر بۆئەوەی ئێمە بتوانین یاریزانە هاوڕێییەكانی ترمان كە لەم وەرزشە دوورن هەوڵ بدەین ڕوو لەم وەرزشە بكەن، قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لەگشت شارەكان بكرێـتەوە، كردنەوەی خولی بەردەوامیش ئەم یارییە پێش دەخات.
*كێشەو گرفتان چیە لەشاری دهۆك لەیاری تێنس؟
-هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لەم یارییە، چونكە لەشاری دهۆك هاوكاری باش دەكرێین و یاریگای تایبەتمان هەیە بۆئەوەی ئێمە گرنگی بەتوانای خۆمان بدەین.
*چۆن بوو یاری تێنسی سەرزەویت هەڵبژارد، بۆكچان یارییەكی قوڕس نییە؟
-سەرەتا خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆ ئەم یارییە و خانەوادەكەشم زۆر هاوكارییان كردم بۆئەوەی بێمە نێو ئەم یارییە، هیچ ئەستەم نییە بۆكچان، ئەگەر بە تەندروست وەرزشەكە ئەنجام بدات.
*دەستەی كارگێڕی یانەی دهۆك بە بەردەوام هاوكاریتان دەكەن؟
-بەردەوام لەنزیكەوە چاودێریمان دەكەن و ڕاهێنەری بەتوانیان بۆدابین كردووینە بۆئەوەی ئێمە زیاتر پێشبكەوین، دەبێت ئێمەش زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆمان بدەین.
*باشترین ئەنجامەكانت لەیاری تێنسی سەرزەوی چیە؟
-لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق پلەیی یەكەمم.
*لەهەڵبژاردەی عێراق گرنگی بەیاریزانانی كورد دەدرێ؟
-من یاریزانی سەرەكی هەڵبژاردەی عێراقم، كە توانیم بەهێزی خۆم بسەلمێنم، ئەوانیش وەكو یاریزانی سەرەكی یاریم پێ دەكەن و گرنگی باشیشمان پێدەدرێ.
*هیواو ئاواتت چیە لەم یارییە وەكو كچە كوردێك؟
-بەهیوام لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە لەسەر ئاستی جیهان میدالیایەكی زێڕ بەدەست بهێنم و ناوی شاری دهۆك و خۆم بەرز كەمەوە.
*چی بەو ئافرەتانە دەڵێی كە وەرزش ناكەن یاخود دوورن لەجیهانی وەرزشی؟
- هیوادارم ئەوانیش چاو لەئێمە بكەن، بێن وەرزش بكەن وەرزش كارێكی باشە بۆهەموو مرۆڤێك.
Top