ئەمڕۆ پاڵەوانێتی جامی جیهانی بۆ هەرێمەكان لە پایتەخت دەستپێدەكات
رێبین رەمزی
وا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەرێمی كوردستان پێنجەمین پاڵەوانێتی ڤیڤا بۆ هەرێمەكان دەست پێبكات بە بەشداریكردنی (9) هەڵبژاردە بەسەر سێ كۆمەڵە دابەش كراون، لە هەر كۆمەڵێك لە سێ هەڵبژاردە پێكهاتووە، كە تیاییدا خاوەن پلەی یەكەم هەر كۆمەڵێك راستەوخۆ بۆ چوار گۆشەی زێرین سەردەكەوێت لەگەڵ باشترین تیپی دووەم.
وا بڕیارە یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە لە یاریگاكانی نێودەوڵەتی شەهید فرەنسۆ و یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری و یاریگەی برایەتی و یاریگەی ئارارات بەرێوە بچێت و هەوڵەكان بەردەوامە بۆ گواستنەوەی چەند یارییەكی ئەم پاڵەوانێتیە بۆ شارەكانی تری كوردستان.
كۆمەڵەكان بەمشێوەیە.
كۆمەڵەی یەكەم: كوردستان، بیابانی رۆژئاوا، ئۆكستانیا.
كۆمەڵەی دووەم: زەنزیبار، رایتیا، تامی ئیلام.
كۆمەڵەی سێیەم: قوبرسی توركیا، دارفور، پرۆڤنس.
لە رۆژی یەكەمی پاڵەوانێتیەكە وا بڕیارە كاتژمێر 7ی ئێوارە لە یاریگەی نێودەوڵەتی فرەنسۆ هەریری مەراسیمی ئاهەنگی كردنەوەی ئەم پاڵەوانێتیە بەرێوە بچێت دواتر لە كاتژمێر 8ی ئێوارە لە هەمان یاریگە یاری كردنەوەی ئەم پاڵەوانێتیە بەرێوە دەچێت كاتێك هەڵبژاردەی كوردستان رووبەرووی هەڵبژاردەی بیابانی رۆژئاوا دەبێت، هەر لە هەمان رۆژ دوو یاری تر ئەنجام دەدرێت.
بۆ ئەم پاڵەوانێتیە هەڵبژاردەی كوردستان بەشێوەیەكی چر و پر خۆی ئامادەكردووە دوای ئەوەی لە وڵاتی فەڵەستین بەشداری لە دووەمین پاڵەوانێتی فەڵەستین نێودەوڵەتی كرد و توانی پلەی سێیەم بە دەستبهێنێت بۆ ئەم مەبستەش دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی بانگهێشتی 7 یاریزانی یانەكانی هەولێر و زاخۆ و دهۆك كردووە، كە لە خولی بژاردەی عێراق یاری دەكەن بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونیان وەربگرێت لەم پاڵەوانێتیە ئەویش هەریەكە لە یاریزانان(هەڵگورد مەلا محەمەد (یانەی هەولێر)، دیدار حامد (هەولێر)، خالید موشیر (دهۆك)، ئاماد ئیسماعیل (دهۆك)، ساڵح جەبر (زاخۆ)، نێچیرڤان شوكری (زاخۆ)، هەردی سیامند (زاخۆ)).
دەبێت باس گرنگی ئامادەبوونی جەماوەر لەم پاڵەوانێتیە بكرێت، چونكە هەڵبژاردەی كوردستان پێویستی بە پشتگیری جەماوەر هەیە تاكو بتوانیت بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی ئەم پاڵەوانێتیە بە دەستبهێنێت و لە هەمان كاتدا دەبێت بە باشترین شێوە هەوڵ بدرێت ئەم پاڵەوانێتیە لە هەموو روویەكەوە سەركەوتوو بێت، چونكە چەندین لایەن چاودێری چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئەم پاڵەوانێتیە دەكەن.