به‌رِێوه‌به‌ری كاره‌كانی ریۆ فردیناند هێرشێكی توند ده‌كاته‌ سه‌ر راهێنه‌ری ئینگلته‌را

به‌رِێوه‌به‌ری كاره‌كانی ریۆ فردیناند هێرشێكی توند ده‌كاته‌ سه‌ر راهێنه‌ری ئینگلته‌را
به‌رِێوه‌به‌ری كاره‌كانی ریۆ فردیناندی به‌رگریكه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی هێرشێكی توندی كرده‌ سه‌ر رۆی هۆدسۆنی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ ئینگلته‌را و گوتی ئه‌و به‌ بێ رێزییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ فێردیناندا كردووه‌ چونكه‌ نه‌یبردووه‌ بۆ یۆرۆی 2012.
به‌رِێوه‌به‌ره‌كه‌ گوتی له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا گاری كاهیل به‌هۆی پێكانه‌وه‌ دووركه‌وته‌وه‌ و هۆدسۆن له‌ بری ئه‌و فیل جاجلیكای برد و پێشتریش له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی گاریس باریدا هه‌مان شتی كرد و ئاورِی له‌ فێردیناند نه‌دایه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌كان پێشبینییان ده‌كرد فێردیناندی 33 ساڵ باشترین جێگره‌وه‌ی كاهیل بێت، به‌ڵام هۆدسۆن له‌ ئاماده‌نه‌بوونی جه‌سته‌یی ئه‌و یاریزانه‌ ده‌ترسێت.
هۆدسۆن پێشتر گوتبووی كه‌ ته‌مه‌ن هۆكاری سه‌ره‌كی دوورخستنه‌وه‌ی فێردیناند بووه‌، چونكه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ ماوه‌ی 2 ساڵی رابردوودا ته‌نیا 3 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را كردووه‌.
جیمی مۆرالی به‌رِێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌و یاریزانه‌ گوتی لامپارد و تێری و باری و جیرارد هه‌مان ته‌مه‌نی فێردیناندیان هه‌یه‌، بۆچی ئه‌وان بانگراون و ئه‌و بانگ نه‌كراوه‌؟
هه‌روه‌ها گوتی راهێنه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ست بێرِیزی به‌رامبه‌ر یاریزانێك كردووه‌ كه‌ 81 یاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را كردووه‌، ئه‌وه‌ سووكایه‌تییه‌كی ئاشكرایه‌ به‌ تواناكانی ئه‌و.
Top