یانەی لێڤەرپوول راهێنەرێكى نوێی دیاریی كرد

یانەی لێڤەرپوول راهێنەرێكى نوێی دیاریی كرد
یانەى لێڤەرپوول بەڕەسمی گرێبەستی لەگەڵ برندان رۆگەرز راهێنەری پێشووى یانەى سوانسى سیتى ئیمزا كرد بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی یانەكە بۆ یارییەكانی وەرزی داهاتووی خولی نایابی ئینگلیزی.
رۆگەرز سەرەتا بەپاشى داوە ئەركى راهێنەرایەتیی یانەی لێڤەرپوول بگرێتە ئەستۆ و بێتە جێگەى كینى دالگلیش كە بەهۆى ئەنجامە خراپەكان و دابەزینى بۆ پلەى هەشتەمى خولی نایابی ئینگلیزى گرێبەستەكەى نوێ نەكرایەوە. ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" گواستیەوە.

جۆن هێنری سەرۆكى یانەى لێڤەرپوول لە بەیاننامەیەكدا راى گەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی زۆر گەورە لە رۆگەرز ناكەین، بەڵام باوەڕمان پێی هەیە كە دەتوانێ یانەكە لە ناسناوى خولی نایابی ئینگلیزى نێزیك بكاتەوە.

رۆگەرز دواى وەرگرتنى ئەركى راهێنەری یانەى لێڤەرپول بۆ رۆژنامەنووسان گوتى، دڵخۆشم كە هەلێكى ئاوام بۆ هاتووەتە پێشەوە و ورەیەكى زۆری پێدام، ئاماژەی دا هەرگیز چاوەڕێی ئەو رۆژەم نەدەكرد كە پڕۆژەیەكى ئاوا گرینگم پێ بدرێ، بۆیە بەڵێن دەدەم كە ژیانى خۆم لە پێناو پاراستن و پێشخستنى یانەى لێڤەرپوول تەرخان بكەم و لە دەرەوە و ناوەوەى یاریگە پارێزگاری لە گەورەیی یانەكە بكەم.

رۆگەرز /39 ساڵ/ پێشتر راهێنەری یانەى سوانسى بووە و ئەم وەرزەش توانی یانەكە لە خولی نایابی ئینگلیزى یانەكە بگەیەنتە ریزبەندی 11 كە ئەمەش جاری یەكەمە یانەكە لە دواى 1983 بگاتە ئەم ئاستە.

یانەى لێڤەرپوول ئەمساڵ لە خولی نایابی ئینگلیزى ئاستێكى وەك پێویستی پێشكێش نەكرد و بەكۆكردنەەوەى 52 خاڵ لە پلەى هەشتەمی یانەكان مایەوە، یانەكە لە ساڵی 1954 لە خولی نایابی ئیگلیزى یاری دەكا و تا ئێستە 14 ناسناوى خولى نایابی ئینگلیزى بردووەتەوە.
Top