ئینێستا: پاڵەوانیەتیی یۆرۆ لە مۆندیال زەحمەتترە

ئینێستا: پاڵەوانیەتیی یۆرۆ لە مۆندیال زەحمەتترە
ئەندریس ئینێستای ئەستێرەى هەڵبژاردەى ئیسپانیا و یانەى بەرشەلۆنە راى گەیاند، بەدەستهێنانی تاسى نەتەوەكانی ئەوروپا (یۆرۆى 2012) كە بڕیارە هەینى داهاتوو لە پۆڵەندا و ئۆكڕانیا بەڕێوە بچێ، زەحمەتترە لە بەدەستهێنانی مۆندیال كە هەڵبژاردەكەی لە 2010 بەدەستی هێنا.
ئینێستا شەوی رابردوو لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانى راگەیاندن گوتى، كێبەركێكانی پاڵەوانیەتیی تاسى یۆرۆی 2012 سەختترە لە پاڵەوانیەتییەكانى پێشوو، بەڵام وەك هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەباوەڕێكى تەواو و ورەیەكى بەرزەوە بەشداریی پاڵەونیەتییەكە دەكەین و هەوڵى بردنەوەى ناسناوەكە دەدەین.

زیاتر گوتى، بێگومان رابردوو لە داهاتوو ئاسانترە، بۆیە یۆرۆى 2012 زۆر سەختر دەبێ لە مۆندیال كە توانیمان ناسناوەكە ببەینەوە، ئاماژەی دا هەڵبژاردەكەمان بەتەواوی خۆى ئامادە كردووە و ئامادەین بۆ بەرەنگاربوونەوەى كێبەركێكان. وارگەی ئەلیكترۆنی "گۆڵ" بڵاوى كردەوە.

ئینێستا كە لە یاریی كۆتاى مۆندیالی 2010ی ئەفریقیای باشوور بەرامبەر هەڵبژاردەى هۆڵەندا گۆڵى سەركەوتنى تۆمار كرد، لەم بارەیەوە گوتى، بیرئانینی رابردوو شتێكی خۆشە، بەڵام باشترە بۆ ئێستە بژیم و خۆم ئامادە بكەم.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتیی تاسی نەتەوەكانی ئەوروپا كە بڕیارە لە 8ی حوزەیران/یۆنیۆی داهاتوو لە هەردوو وڵاتی ئۆكرانیا و پۆڵەندا بێتە ئەنجامدان، لە كۆمەڵەی سێیەم لەگەڵ هەڵبژاردەكانی ئیتاڵیا، ئیرلەندا و كرواتیا یاری دەكا.
Top