تەمارا شاكر یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر:لەقۆناغی ئێستا ئەم یارییە بەرەو پێشكەوتن هەنگاو دەنێت

تەمارا شاكر یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر:لەقۆناغی ئێستا ئەم یارییە بەرەو پێشكەوتن هەنگاو دەنێت
تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر یەكێكە لەو تیپانەی كە وەكو زۆربەی یانەكانی تری كوردستان لەبەر نەبوونی یاریگا دەناڵێنن، چەندین یاریزانی بەتوانای كچی بەرهەم هێناوە بۆشاری هەولێر كە خاوەن ئەنجامی بەرچاون لەپاڵەوانێتیە جۆراوجۆرەكانی عێراق، یەكێك لەیاریزانە هەرە بەتواناكانی یانەكەش تەمارا شاكر مەحمودە، ئەو یاریزانە توانیویەتی ئەنجامی شایستە لەگەڵ یانەكەی بەدەستبهێنێت، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1999یە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.




* چۆن بوو هاتیە نێو دنیای یاری گۆڕەپان و مەیدان؟
-ئەوەی ڕاستی بێت من لەقوتابخانەوە هەر لەسەرەتاوە حەزم لەوەرزشكردن بوو بەتایبەتی ڕاكردن، توانیشم خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە بەهیمەتی مامۆستاكانم و ماڵەوەمان.
* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-لەقۆناغی ئێستا ئەم یارییە بەرەو پێشكەوتن هەنگاو دەنێت، یارییەكە ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەكردن دایە، چونكە یانەكان زیاتر لەجاران گرنگی بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەدەن، لەو بڕوایەشم ئەم یارییە لەئاییندە گەشەكردنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ.
* بۆچی یانەكان گرنگیەكی ئەوتۆ بەیاری گۆڕەپان مەیدان نادەن؟
-ڕەنگە هۆكاری سەرەكی نەبوونی یاریگای تایبەت بێت بەم یارییە، بەتایبەتی لەئێستادا زۆرێك لەیانەكانی كوردستان بەدەست نەبوونی كێشەی یاریگاوە دەناڵێنن، بەڵام لەمە بەدواوە گرنگی دەبێـت و ئارەزوومەندانیشی زیاتر دەبێـت.
* ئەی ئاستی ئەم یارییە بەتایبەت لەشاری هەولێر چۆن دەبینی؟
-شاری هەولێر خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی بەتوانایە، لەئێستاشدا یانەكانی هەولێر گرنگی بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەدەن، بۆیە دەڵێم ئاستی ئەم یارییە لەم شارە زۆر باشە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا.
* خانەوادەكەت تاچەند ڕێگریت لێ دەكەن لەوەرزش كردنت؟
- هیچ كات ڕێگریان لێ نەكردیمە، بەڵكو زۆریش هاوكاریم دەكەن بەتایبەتی لەزۆرپاڵەوانێتیەكان خانەوادەكەم دێنە یاریگا بۆسەیر كردنی یارییەكانم.
* چ داواكاریت لەلایەنی بەرپرسی وەرزشی هەیە؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدەن و پاڵەوانێتی زیاتر بكرێتەوە بۆیاریزانانی كچ.
* ئەنجامەكانت چۆن بووە لەم یارییە لەگەڵ یانەی هەولێر؟
-توانیومە چەندین ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بەدەستبهێنم، بۆیە گەشبینم بەئاستی خۆم.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لەكوردستان؟
-ئەگەربێتو بەرنامەی تایبەتی بۆدابنرێ ئەوە پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێ، پێم باشە یانەكان خۆیان بتوانن گرنگی بەم یارییە بدەن بەتایبەتی یاریزانی تەمەن بچووك و یاریگاو كەل وپەلی تایبەتیان بۆدابین بكرێ.
* دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
-هاوكاری باشی ئێمەیان كردووە هیچ كەمتەرخەمێكیان نەكردووە تاكو ئێستا.
* لەهەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
-بەڵێ ئێستا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم.
* كێشەو گرفتان چییە لەم یارییەدا؟
-ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە بەهۆی پشتگیری تەواوی یانەكەمان لەیاری گۆڕەپان و مەیدان.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بتوانم لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە ژمارەیەك ڕیكۆرد بشكێنم و بتوانم ببمە پاڵەوانی ئاسیا.
* ئەگەر یانەیەكی تر داوات لێ بكات، یانەی هەولێر جێدەهێڵی؟
- هیچ كات بڕیاری جێهێشتی یانەی هەولێرم نەداوە.
* چی بەو كەسانە دەڵێی كە ڕێگری لەڕۆڵەكانیان دەكەن لەوەرزش؟
- ئەمە كارێكە نەشیاوە بەهیوای ئەوەم ئەوانیش دەرفەت بەڕۆڵەكانیان بدەن بۆخزمەتكردنی وەرزش.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بەیاریزانانی ئافرەت بدرێت.
دیمانە: كارزان كانەبی





Top