ریال مەدرید داوای دێڤید سیلڤا دەكات

ریال مەدرید داوای  دێڤید سیلڤا دەكات
راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی وڵاتی ئیسپانیا ڕایانگەیاند یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی بیر لەهێنانی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی دێڤید سیلڤا بۆ ڕیزی یانەی شاهانە دەكاتەوە، ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاماژەی بەوەكرد كە ڕاهێنەری پورتوگالی جۆزێ مۆرینهۆ ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید زۆر سەرسامە بەئاستی یاریزان سیلڤا بەتایبەتی كە ئاستی یاریزانی ناوبراو زۆر باش بووە لەوەرزی ڕابردوو كە توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو كە یانەی مان سیتی نازناوی خولی ئینگلتەرا لەدوای 44 ساڵ بەدەست بهێنێت. رۆژنامەكە ئەوەشی ڕاگەیاند كە مۆرینهۆ پێویستی بەیاریزانێكە بۆ بەهێزكردنی هێلی هێرشبەر بەتایبەتی كە ئێستا پێشبینی ڕۆیشتنی یاریزانی بەرازیلی ڕیكاردۆ كاكا دەكرێت بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، بۆیە مۆرینهۆ پێویستی بەیاریزانێكی لەتوانای سیلڤا هەیە بۆ ئەم ئەركە، ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە دێڤید سیلڤا پێوەندی پێوەكراوە لەلایەن كەسانێكی نزیك لەیانەی ڕیال مەدرید بۆ پرسینەوەی ئامادەیی سیلڤا بە پێوەندیكردن بەیانەی شاهانەوە. پێوەندی نێوان هەردوو یانەی ڕیال مەدرید و مانچستەر سیتی زۆر باشە، هەربۆیە ئەوە كاروباری گفتوگۆیەكان ئاسان دەكات، یاریزان سیلڤا تەمەنی 26 ساڵە و لەساڵی 2010 لەیانەی ڤالانسیاوە پێوەندی بەیانەی مانچستەر سیتی كرد.
Top