ئەبیدال بــە3 زمان سوپاسی هەمووان دەكات

ئەبیدال بــە3 زمان سوپاسی هەمووان دەكات
یاریزانی هێلی بەرگری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی بەرشلۆنە ئەریك ئەبیدال لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوو بۆ چاندنی جگەر لەنەخۆشخانە دەرچوو، لەدوای دەرچوونی ئەریك ئەبیدال كە بۆ ماوەی 41 ڕۆژ لەنەخۆشخانە مایەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی جەرگ سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە لەكاتی نەخۆشییەكەی پشتگیرییان لێكردووە، ئەبیدال لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نامەیەكی ئاراستەی هاندەرانی كرد و تیایدا هاتووە: سڵاو لەهەمووان، من پێتان ڕادەگەیەنم كە لەنەخۆشخانە دەرچووم، حەزم دەكرد ئێوە زوو ئەم هەواڵە بزانن، جیراری كوڕی مامم لەگەڵ من سوپاسی هەمووتان دەكەین بۆ ئەو پشتگیرییەی كە لێتان كردین بەدرێژایی كاتی نەشتەرگەرییەكەو مانەوەمان لەنەخۆشخانە.
ئەبیدال نامەكەی بەسێ زمان نووسیوە كە بریتی بوو لەزمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیسپانی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە لەڕۆژی 10/4/2012 نەشتەرگەری چاندنی جگەری بۆ ئەنجامدرا دوای ئەوەی ڕاگەیاندرا كە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەكە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە ڕێگا بەئەبیدال دراوە نەخۆشخانەكە بەجێبهێڵێت، بەڵام دەبێ لەماڵەوە قۆناغەكانی چاكبوونەوە تەواو بكات.
یانەی بەرشلۆنە لەبەیاننامەیەكدا خۆشحاڵی خۆی دەڕبڕی بەهاتنە دەرەوەی یاریزانەكەیان لەنەخۆشخانە و هیوای چاكبوونەوەی تەواویان بۆ خواست، ئەبیدال بەم نزیكانە ناتوانێت جارێكی دیكە یاری بكاتەوە و هەواڵی وازهێنانیشی بەشێوەیەكی كۆتایی لەئارادایە.
Top