یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی چێڵسی فرناندۆ تۆرێس هەڕەشەی ڕۆیشتن دەكات لەیانەكەی لەبەر ئەوەی ڕازی نییە بەو مامەڵەی كە لەگەڵی دەكرێت لەیانەكەی و ڕایگەیاند لەگەڵ لێپرسراوانی یانەكە گفتوگۆدەكات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە یان بڕوات، تۆرێس كە بە50 ملیۆن پاوەند هاتە یانەی بلوز بەهیوای ئەوە بوو بەشداری لەیاری كۆتایی چامپیۆنز لیگ بكات بەرامبەر یانەی بایرەن میونیخ، بەڵام تەنیا لەدوا ساتەكانی گێمی دووەم بەشداری كرد و ڕاهێنەر دی ماتیۆ ڕێگای پێنەدا لێدانەكانی یەكلاكەرەوە جێبەجێبكات، لەلێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی ئاس گوتی: هەستم بەنائومێدی كرد كاتێك پێكهاتەی سەرەكیم بینی، لەوانەیە گەورەترین نائومێدی بێت لەژیانمدا، وام دەزانی بەشێوەیەكی سەرەكی یاری دەكەم بۆیە بڕوام نەدەكرد كە ناوم لەپێكهاتەكە نەبوو.
هەروها نینۆ گوتی: لەم وەرزە هەستم بەوە كرد كە بەخراپی مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت، من لێرە خۆشحاڵ نەبووم، بۆیە یاریكردن بەرامبەر بایرەن هەلێكی باش بوو بۆ من قەرەبو ناكرێتەوە، زۆر جار لەگەڵ لێپرسراوانی یانە دانیشتووم، ئێستاش وەرز كۆتایی هات و كاتمان لەپێشە بۆ ئەوەی زیاتر گفتوگۆ بكەین. هەروەها تۆرێس گوتی: دەمەوێ بزانم وەرزی داهاتوو ڕۆڵی من چۆن دەبێت، من بارودۆخەكە هەڵدەسەنگێنم دواتر بڕیاری كۆتایی دەدەم، من ویستم لێدانێكی سزای بەرامبەر بایرەن جێبەجێ بكەم، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام، خراپترین ئاستم لەو وەرزەدا بوو، بەڵام سوپاسی خێزانەكەم و سەرۆكی یانە و هاندەران دەكەم كە هەردەم پشتگیریان لێكردووم.