ماڵئاوا فەڵەستین.. لەكوردستان چاوەڕوانتانین

ماڵئاوا فەڵەستین.. لەكوردستان چاوەڕوانتانین
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لەوڵاتی فەڵەستین كۆتایی بەدووەمین پاڵەوانێتی قودس-ی نێودەوڵەتی هات، كاتێك هەردوو هەڵبژاردەی فەڵەستین و تونس گەیشتنە یاری كۆتایی ئەم پاڵەوانێتیە.
ئەم پاڵەوانێتیە بە بەشداریكردنی 9 هەڵبژاردە بەڕێوەچوو و بەسەر سێ كۆمەڵە دابەشكران، لەهەر كۆمەڵێك یەك هەڵبژاردە بۆ چوارگۆشەی زێڕین سەردەكەون لەگەڵ باشترین تیپ-ی خاوەن پلەی دووەم.
ئەوەی گرنگ بێت لەم پاڵەوانێتیە، بەشداریكردنی هەڵبژاردەی كوردستانە، چونكە بۆ یەكەمجار لەمێژووی خۆیدا هەڵبژاردەی كوردستان بەفەرمی بەشداری لەپاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی دەكات، كە لەژێر سەرپەرشتی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت.
هەڵبژاردەی كوردستان لەم پاڵەوانێتیە لەكۆمەڵەی دووەم شانبەشانی هەڵبژاردەكانی (مۆریتانیا، ئەندنووسیا) یاری كرد، لەیەكەم یاری خۆیدا هەڵبژاردەی كوردستان توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەستبهێنێت و بەئەنجامی (3-1) گۆڵ لەهەڵبژاردەی مۆریتانیا-ی یەكەم بباتەوە، گۆڵەكانی هەڵبژاردەی كوردستان لەڕێگەی یاریزانان (ئامانج عومەر، كارزان عەبدوڵڵا، كۆسرەت بایز) تۆماركران ئەمەش یەكەم سەركەوتنی نێودەوڵەتیە، كە هەڵبژاردەی كوردستان لەپاڵەوانێتیەكی لەم جۆرە تۆماری دەكات، لەدووەم یاری خۆیدا هەڵبژاردەی كوردستان ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەندنووسیا بۆوە، ئەم یارییە بەیەكسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە بەئەنجامی گۆڵێك تەواو بوو، تاكە گۆڵی هەڵبژاردەی كوردستان لەڕێگای یاریزان (كارزان عەبدوڵڵا) تۆمار كرا، دوای ئەم ئەنجامە هەڵبژاردەی كوردستان توانی پلەی یەكەم لەكۆمەڵەكەی بەدەستبهێنێت بەكۆكردنەوەی (4) خاڵ، لەقۆناغی پێش كۆتاییدا هەڵبژاردەی كوردستان ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی تونس بۆوە لەیارییەكی بەهێزدا هەڵبژاردەی كوردستان لەم یارییە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و بەتەواوی كۆنتڕۆڵی یاریگایان كرد، بەڵام بەهۆی چەند هەڵەیەكی تاكە كەسیدا هەڵبژاردەی تونس توانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت و یارییەكە بەئەنجامی (2-1) گۆڵ لەهەڵبژاردەی كوردستان بباتەوە، تاكە گۆڵی هەڵبژاردەی كوردستان لەڕێگەی یاریزان (كۆسرەت بایز) تۆمار كرا.
لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردەی كوردستان لەم یارییە تووشی دۆڕان هات، بەڵام توانی پلەی سێیەمی ئەم پاڵەوانێتیە بەدەستبهێنێت ئەمەش دەبێتە دەستكەوتێكی مەزن بۆ كوردستان، كە لەیەكەم بەشداری نێودەوڵەتیدا ئەم پلەیە بەدەستدەهێنێت، هەرچەندە زۆربەی یاریزانەكانی ئەم هەڵبژاردەیە یاریزانی لاون و دواڕۆژێكی گەش چاوەڕوانیان دەكات.
وێنەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك كۆمار بەرزكرایەوە
لەگەڵ بەدەستهێنانی ئەم دەسكەوتە لەیەكەم پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیدا، كوردستان لەم پاڵەوانێتیە چەندین دەسكەوتی تری بەدەستهێنا، ئەویش لەیارییە فەرمییەكان تەنیا ئاڵای كوردستان و مارشی نیشتمانی كوردستان لێدەدرا (ئەی ڕەقیب) و هەروەها لەگشت پرۆتۆكۆلەكان وەكو وڵاتێك مامەڵە لەگەڵ شاندی كوردستان دەكرا و سەرۆكی فەڵەستین و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە پێشوازی لەشاندی هەڵبژاردەی كوردستان كرد و هەروەها سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی و سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی فەڵەستین لیوا جەبریل ڕەجوب لەچەندین لێدوانی جیاواز دا تەئكیدی لەوە كردەوە، كە لەلای ئەوان هەڵبژاردەی كوردستان هەڵبژاردەیەكی فەرمییە و وەكو وڵاتێك مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەڵام گرنكترین دەسكەوت، كە كوردستان لەم پاڵەوانێتیە بەدەستیهێنا، ئەوەیە كە بەبڕیاری وڵاتی فەڵەستین لەسەرەتای پاڵەوانێتیەكە تا كۆتایی وێنەی سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق لەگشت یاریگاكانی ئەم وڵاتە بەرزبكرێتەوە وەكو ڕێزلێنانێك لەم دوو سەركردە كوردە ماندوو نەناسە.
دەبێت دەستخۆشی و ستایشی دەستەی ڕاهێنەران و دەستەی پزیشكی و ڕاگەیاندن و كارگێڕی هەڵبژاردەی كوردستان بكەین، كە توانیان بەباشترین شێوە ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و پەیامی خۆیان بەجیهان بگەیەنن.
دەڵێین ماڵئاوا فەڵەستین.. لەكوردستان چاوەڕوانتانین بۆئەوەی لەپێنجەم پاڵەوانێتی جامی جیهانی یەكەم نازناو بەدەستبهێنن.
Top