پیدرۆ دڵخۆشە بۆ بانگكردن بۆ یۆرۆی 2012-05-28

پیدرۆ دڵخۆشە بۆ بانگكردن بۆ یۆرۆی 2012-05-28
پیدرۆ رۆدرێگزی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی خۆشحاڵی خۆی بەوە دەربڕی كە ڤیسنتی دیل پۆسكی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بانگهێشتی كردووە بۆ بەشداریكردن لە یۆرۆی 2012.
دوێنی دیل پۆسكی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی بۆ یۆرۆی 2012 ئاشكرا كرد كە تێیدا رۆبێرتۆ سۆلدادۆی هێرشبەری یانەی ڤالنسیای دوورخستەوە و لە بری ئەو پیدرۆی بانگهێشتی ریزەكانی كرد.
پیدرۆ لە پەیجی خۆی لە تویتەر گوتی هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم و سوپاسگوزارم بەوەی بتوانم یارمەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بدەم لە یۆرۆ و سوپاسی هەموو ئەوانەش دەكەم كە هاوكارم بوون بۆ گەیشتنە ئەو ئاستە.
پێشتر پیدرۆ یەك لەو پاڵێوراوانە بوو كە پێشبینی دوورخستنەوەی لە ریزی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لێدەكرا، بەڵام ئاستی بەرزی ئەو لە یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا كە بەرشەلۆنە 3-0 لە ئەتلەتیك بلباوی بردەوە و بەهۆیەوە نازناوەكەی بەدەست هێنا و پیدرۆ دوو گۆڵی یانەكەی تۆمار كرد، هۆكاری بانگهێشتكردنی بوو بۆ ریزی هەڵبژارەكە.
Top