محەمەد عەبدولعەزیز ڕاهێنەری تایكواندۆی یانەی بروسك:بەهۆی ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی ئاستی تایكواندۆ بەرەودواوە رۆیشتووەێ

محەمەد عەبدولعەزیز ڕاهێنەری تایكواندۆی یانەی بروسك:بەهۆی ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی ئاستی تایكواندۆ بەرەودواوە رۆیشتووەێ
محەمەد عەبدولعەزیز یەكێكە لەڕاهێنەرە بەتواناكانی شاری هەولێر و ماوەی 21ساڵە دەستی بەیاری تایكواندۆ كردووە، خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەسەر ئاستی شاری هەولێر و عێراق، ماوەیەكی زۆرە خزمەتی یاری تایكواندۆ دەكات لەشاری هەولێر وەكو یاریزان و ڕاهێنەر، چەندین یاریزانی بەتوانای دروستكردووە بۆ شاری هەولێر كە لەپاڵەوانێتیەكان بەشداری پێدەكەن، ماوەی چەند ساڵێكە لەگەڵ یانەی بروسك بەردەوامە وەكو ڕاهێنەری تایكواندۆ، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.



* ئاستی یاری تایكواندۆ چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-یاری تایكواندۆ زۆر بەرەو دواوە ڕۆیشتووە، جاران زۆر باشتر بوو لەئێستا، چونكە پێشتر چەندین یاریزانی ئاست بەرزمان لەم یارییە هەبوو، ئێستا واخەریكە بەرەو نەمان دەچێت.
* بۆچی یاری تایكواندۆ ڕۆژ بەڕۆژ لەكورتی دەدات و بەرەو نەمان دەچێت؟
-ڕاستە ئەم یارییە زۆر بەرەو دواوە چووە، یاریزانی ئێمە زۆر ماندوون ناتوانن ئاستی خۆیان تاقی بكەنەوە بەهۆی نەبوونی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی بۆیان.
* بۆچی لەشاری هەولێر ئاستی ئەم یارییە وەكو پێویست نییە، بگرە وا خەریكە ناویشی نەمێنێ؟
-هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆكەمەتەرخەمی و جیاوازی كە لەنێوان یارییەكان، گرنگی بەیارییەك دەدرێت یەكێكی تریش پشتگوێ دەخرێت، ئەوەش كاریگەری سەرەكی خۆی هەیە.
* كێشەو گرفتی ئەم یارییە لەچی دەبینی؟
-كێشەی زۆرمان هەیە لەم یارییە، وایان لەیاری بەرگری كردووە كە بەچاوێكی سووك سەیری ئەم یارییە بكرێ لەناو كۆمەڵگەی ئێمە، سەرەڕای نەبوونی هۆڵی تایبەت و چەندین كێشەی تر.
* بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆگەشەكردنی ئەم یارییە لەشارەكانی كوردستان؟
-كەسی شیاویان دانەناوە وەكو پێویست، بۆئەوەی بەیەك چاو سەیری هەموو یارییە تاكەكان بكات، هەركەسەو خاوەنی بڕوانامەی باوەڕپێكراو نییە و هۆڵی تایكواندۆی داناوە بەگوێرەی تەمەنیش گونجاو نییە، هەوڵیش بدرێ كارەكانی ئەم یارییە بەرنامەیەكی تایبەت و توكمەی بۆدابنرێ و زیاتر خزمەتی ئەو یارییە بكرێت بۆئەوەی گەشەكردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ و پاڵەوانێتی زیاتر بۆیاریزانان بكرێتەوە.
* باشترین ئەنجامەكانت چین؟
-تا ئێستا لەكوردستان زۆرترین پشتێن ڕەشم پێگەیاندوە، چەندین یاریزانمان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان پلەی یەكەمیان بەدەستهێناوە.
* بۆچی هەوڵ نادەن، هۆڵێكی تایبەت بەخۆتان هەبێت بۆیاری تایكواندۆ؟
- بوونی هۆڵێكی تایبەت بەیاری تایكواندۆ بۆئێمە یەكجار پێویستە، ئێمە هەركاتێ پاڵەوانێتیمان هەبێت، دەبێت بچین بەپارەیەكی زۆر هۆڵ بەكرێ بگرین، بەڵام بەدەستی ئێمە نییە هۆڵی تایبەتمان هەبێت.
* لەهۆڵی یانەی بروسك هیچ یاریزانێكی ئافرەتتان هەیە لەیاری تایكواندۆ؟
-بەڵی لەپشووی هاوین یاریزانە ئافرەتەكانمان دێنە مەشەق كردن، ژمارەیان بیست یاریزانی ئافرەتە.
* بۆچی كچان كەم گرنگی بەیاری تایكواندۆ دەدەن؟
-ئافرەتانی خۆمان گرنگی زۆر بەیاری تایكواندۆ دەدەن، بەڵام هەندێك هۆكار هەیە وایكردووە لەگۆمەڵگەی ئێمە ئافرەت ئەم یارییە بەكەمی ئەنجام بدەن.
* هیواو ئاواتت چیە لەم یارییە؟
-بەهیوای ئەوەم گەنجانی ئێمە ڕوو بكەنە ئەم یارییە، چونكە ئەم یارییە زۆر پێویستە بۆ مرۆڤ تاوەكو بتوانێ بەرگری لەخۆی بكات، پێویستیشە بەرپرسانی ئێمە كەمێك گۆڕانكاری بكەن لەوەرزش.
* بەرنامەت چییە بۆداهاتووی ئەم یارییە؟
-لەبەرنامەمان دایە بەشداری پاڵەوانێتی فەجر بكەین لەوڵاتی ئێران كە پاڵەوانێتیەكی جیهانییە و بەشێوەیەكی باش خۆمان بۆئەم پاڵەوانێتیە گەورەیە ئامادەبكەین.
* لەئێستادا ژمارەی ڕاهێنەرانی تایكواندۆ لەزیاد بووندان هۆكاری چیە؟
-بەڵێ ئەوە زۆربوونە ڕاستە، ڕاهێنەرانی بەتوانا خۆیان دوورخستۆتەوە، ڕاهێنەرانی نەزان زۆربوونە بەداخەوە.
* جاران گرنگی زۆر بەیاریزانانی بەچكەشێران دەدرا لەم یارییە، ئێستا لە چ ئاستێكن؟
-زۆر خەم دەخۆم بۆ بەچكە شێرانی كوردستان، جاران بەچكەشێرانی یانەی بروسك لەسەر ئاستی عێراق هەموو ساڵێك پلەی یەكەمیان دەهێنا،بەڵام ئێستا هەر هەموو یاریزانەكان دوور كەوتوونەتەوە لەم یارییە، لەبەر هەندێ هۆكار، وەكو كەسێك نەبوو دەستیان بەسەریان دابهێنێ و هانیان بدات، چەند ساڵە پاڵەوانێتیان بۆنەكراوەتەوە، كاتی خۆی یەكەم دەبوون میدالیای یاری تۆپی پێیان بۆدەهێنان بەبێ بڕوانامە.
* ڕات چییە بەرامبەر دەزگاكانی ڕاگەیاندن؟
-زۆر گلەیم هەیە لێیان، كە سەیری ڕۆژنامەكانی كوردستان دەكەم، لەبواری وەرزش تەنیا یاری تۆپی پێ دەبینین.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتایی؟
-سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان، هیوادارم دڵمان لەسەر یاری تایكواندۆ ڕەش نەكەن و بەرپرسانی وەرزشی كەمێ بایەخی پێ بدەن.

Top