بان كی مۆن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەكاتی بەشداریكردنی لەیارییەكی تۆپی پێ تووشی پێكان هاتووە لەدەستی چەپەی، وتەبێژی فەرمی ئەمینداری گشتی مارتن نسیركی ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردەوە و دووپاتیكردەوە كە بان كی مون لەكاتی بەشداریكردنی لەیارییەك لەنێوان دیپلۆماتكارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تووشی ئەم پێكانە هاتووە، نسیركی ئەوەشی ڕاگەیاند ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسووكی دەستی چەپەی شكاوە لەیارییەكانی پاڵەوانییەتی بەهارە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دیپلۆماتكاران ساڵانە سازی دەكات.
نسیركی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا لەنیویۆرك ڕایگەیاند بان كی مۆن بۆ ماوەی 6 هەفتە دەستی چەپەی بەهەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام كاریگەری لەسەر كارو چالاكییەكانی ئەمینداری گشتی ناكات و بەشێوەیەكی سروشتی لەكارەكانی بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە باری دەروونی بان كی مۆن زۆر باشە.