مانچستەر یونایتد چاوی لەسێ یاریزانی دۆرتمۆندە

مانچستەر یونایتد چاوی لەسێ یاریزانی دۆرتمۆندە
دوای ئەوەی یانەی مانچستەر یونایتد لەدوا ساتەكان نازناوی خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرای بۆ بەرژەوەندی یانەی مانچستەر سیتی لەدەست دا، سێر ئەلێكس فێرگسۆن بیر لەبەهێزكردنی تیپەكەی دەكاتەوە بۆئەوەی لەوەرزی داهاتوو بەباشترین ئاست بەدیار كەوێت، ڕۆژنامەی دایلی مەیلی بەریتانی ڕایگەیاند ڕاهێنەری شەیتانە سوورەكان چاوی لەسەر سێ یاریزانی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی داناوە كە توانیان لەگەڵ یانەكەیان هەردوو نازناوی خول و جامی ئەڵمانیا بەدەست بهێنن، سێر بەهیوای ئەوەیە لەهاوینی داهاتوو بۆندیان لەگەڵ مۆر بكات.
ڕۆژنامەكە لەڕاپۆرتێكیدا ڕایگەیاند یاریزانی ژاپۆنی شینجی كاگاوا كە یاریزانێكی بەتوانای هێلی ناوەڕاستە ئامانجی یەكەمی ڕاهێنەر فێرگسۆنە بۆئەوەی شوێنی یاریزان پۆل سكۆلز بگرێتەوە، هەروەها یاریزانی هێرشبەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسكی دووەم یاریزانی یانەی دۆرتمۆندە كە یانەی مان یونایتد داوای دەكات بەتایبەتی كە یاریزانی ناوبراو گۆڵكەرێكی بەتوانایە، سێیەم یاریزانیش كە لەیانەی دۆرتمۆند یاری دەكات و مان یونایتد چاوی لەسەر داناوە یاریزانی هێلی بەرگری ماتس هویلمسە كە یەكێكە لەئەستێرەكانی ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا.
راهێنەر سێر ئەلێكس فیرگسۆن لەیاری كۆتایی جامی ئەڵمانیا لەنێوان بروسیا دۆرتمۆند و بایرەن میونیخ لەشاری بەرلین ئامادەبوو بۆ ئەوەی لەنزیكەوە چاودێری ئەو یاریزانانە بكات بەتایبەتی شینجی كاگاوا.
Top