كوردستان چۆن خۆی بۆ میوانداری كردنی پێنجەمین پاڵەوانێتی ڤیڤا 2012 ئامادە كردووە

كوردستان چۆن خۆی بۆ میوانداری كردنی پێنجەمین پاڵەوانێتی ڤیڤا 2012 ئامادە كردووە
وا بڕیارە لەسەرەتای مانگی شەش بۆ یەكەم جار لەمێژووی كوردستاندا پێنجەمین پاڵەوانێتی هەرێمە بێ وڵاتەكان (VIVA) لەهەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، لەم پاڵەوانێتیە تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە 9 هەرێم بەشداری تێدا دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتی تۆپی پێی كوردستان چەند لێژنەی پێكهیناوە بۆ ئەوەی یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە بەباشترین شێوە بەڕێوەبچن و ڕۆژانە ئەم لیژنانە كارەكانی خۆیان بەشێوازێكی جوان بەڕێوە دەبەن.
هەرێمە بەشداربووەكان
تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە بەفەرمی 9 هەرێم ڕەزامەندی خۆی نیشان داوە بۆ ئەوەی لەم پاڵەوانێتیە بەشداری بكەن، ئەویش سێ هەرێم لەئاسیا و سێ هەرێم لەئەوروپا و سێ هەرێم لەئەفریقیا، هەرێمەكانیش بریتین لە(كوردستان، تامیلا ئەیلام، ڕایتیا، زەنجبار، دارفوور، سەحرای غەربی، پرۆڤنس، ئۆكستانیا، قوبرس توركی) و تا ئێستا تیروپشك بۆ دابەشكردنی تیپەكان ئەنجام نەدراوە و چەندین شێواز باسكراوە بۆ ئەوەی یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی هیچ شێوازێك پەسند نەكراوە.
(نەورۆز) ئارمی پاڵەوانێتیەكەیە
لیژنەی باڵای میوانداریكردنی پێنجەم پاڵەوانێتی ڤیڤا بڕیاری دا (نەورۆز) ببێتە نیشانەی ئەم پاڵەوانێتیە، دەستنیشان كردنی نەورۆز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە نەورۆز جەژنی فەرمی كوردستانە و سەری ساڵی نوێی كوردیە.
رۆژنامەیەكی ڕۆژانە بۆ ئەم پاڵەوانێتیە دەردەچێت
بۆ ئەوەی جەماوەری وەرزشی ئاگاداری گشت ڕووداوەكانی ئەم پاڵەوانێتیە بێت، بڕیاردرا ڕۆژنامەیەكی ڕۆژانە بەناوی (ڤیڤا كوردستان) بەسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەربچێت خۆی لەچوار لاپەڕە دەگرێت و بەتیراژی 1000 دانەی ڕۆژانە.
یاریگاكان لەئامادە باشیدان
هەرچەندە لیژنەی باڵای پاڵەوانێتیەكە بڕیاری نەداوە یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە لەچەند یاریگەك بەڕێوەبچن، بەڵام لیژنەی یاریگاكان ئەركی خۆیان بەباشترین شێوە ئەنجام دەدەن، كاتێك سەردانی گشت یاریگاكانی كوردستانیان كردووە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆیان بۆ لیژنەی باڵا بەرزبكەنەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری لەیاریگاكانی كوردستان ئێستا لەباری نۆژنكردنەوە دایە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە میوانداری یارییەكان بكات.
جێگەی باسە كوردستان بەباشترین شێوە خۆی بۆ میوانداریكردنی ئەم پاڵەوانێتیە ئامادە كردووە و گشت پێداویستیەكانی دابین كردووە لەڕووی ڕیكلام كردن و شوێنی حەوانەوەی تیپەكان و هەروەها ئامادەكارییەكی باش كراوە بۆئەوەی جەماوەر پاڵپشتی هەڵبژاردەی كوردستان بكات لەم پاڵەوانێتیە گرنگەدا.
Top