مۆرینۆ تا 2016 لە یانەی ریال مەدرید دەمێنێتەوە

مۆرینۆ تا 2016 لە یانەی ریال مەدرید دەمێنێتەوە
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر ماڵپەری خۆی ئاشكرای كرد كە گرێبەستی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەكەی تا كۆتایی وەرزی 2015-2016 نوێ كردووەتەوە.
مۆرینۆ لە 31ی مایۆی 2010 بڕیاریدا ئەركی مەشقی یانەی شاهانە وەربگرێت دوای ئەوەی پێشەوایەتی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی كرد بۆ بردنەوەی نازناوی خول و جامی ئیتاڵیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەو ساڵەدا.
مۆرینۆ لە یەكەم وەرزی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە بەرشەلۆنەی بردەوە لە یاری كۆتاییدا 1-0 و ئەمساڵیش توانی دوای 3 ساڵ دابڕان نازناوی خولی ئیسپانی بباتەوە یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ.
مۆرینۆ بە باشترین راهێنەری جیهان لە وەرزی یەكەمی لەگەڵ ریال مەدرید دەست نیشانكرا و لە وەرزی ئەمساڵدا توانی پێشەوایەتی ریال مەدرید بكات بۆ بەدەستهێنانی چەند ژمارەیەكی پێوانەیی، لەوانەش كۆكردنەوەی 100 خاڵ لە وەرزێكدا و تۆماركردنی 121 گۆڵ لە یەك وەرزدا.
مۆرینۆ تاكە راهێنەرە تا ئێستا نازناوی خولەكانی ئیسپانی و ئیتاڵی و ئینگلیزی بەدەست هێنابێت.
Top