یانەی ئینجی مووچەی 18 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دەداتە ڤان پێرسی

یانەی ئینجی مووچەی 18 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دەداتە ڤان پێرسی
یانەی ئینجی رووسی دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ رۆبن ڤان پێرسی باشترین یاریزانی وەرزی ئەمساڵی خولی ئینگلیزی بگات و بۆ ئەوەش ئامادەیە بەرزترین مووچەی لە نێو هەموو یاریزانانی جیهاندا بداتێ.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی هۆڵەندا ئاشكرایان كردووە كە جۆس هیدینگی راهێنەری یانەی ئینجی رووسی دەیەوێ ریزی پێشەوەی هێرشبەری یانەكەی بە كڕینی هێرشبەرێكی پلە یەكی جیهانی بەهێز بكات كە ئەویش رۆبن ڤان پێرسی هێرشبەری یانەی ئەرسناڵە و ئەو مووچەیەی ئەو یانەیە ئامادەیە بیداتە پێرسی بڕەكەی 18.6 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە.
ئەگەر ئەو گرێبەستە سەربگرێت پێرسی دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە نێو یاریزانانی تۆپی پێ لە جیهاندا.
یانەی ئینجی چوارەم یانەیە كە ناوی دەهێنرێت بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ڤان پێرسی و پێشتر یانەكانی مانچستەر ستی و یۆڤنتۆس و بەرشەلۆنە ویستی خۆیان بۆ كڕینی ئەو هێرشبەرە دەربڕیوە.
هۆكاری زۆربوونی ئەو دەنگۆیانەی باس لە رۆیشتنی پێرسی لە یانەی ئەرسناڵ دەكەن نزیكبوونەوەی كۆتایی هاتنی گرێبەستی ئەو یاریزانەیە لەگەڵ یانەكەیدا، ئەمە جیا لەوەی ئەرسناڵ ئەمساڵیش هیچ نازناوێكی بەدەست نەهێنا.
Top