شەیدا عەبدولمەناف یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر:گۆڕەپان و مەیدان بكرێتە بەرنامە لە یانەكان

شەیدا عەبدولمەناف یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر:گۆڕەپان و مەیدان بكرێتە بەرنامە لە یانەكان
تیپی گۆڕەپان ومەیدانی یانەی هەولێر یەكێكە لەم تیپانەی كەچەندین یاریزانی بەتوانای كچی بەرهەم هێناوەبۆشاری هەولێر كە خاوەن ئەنجامی بەرچاون لە پاڵەوانێتیە جۆراوجۆرەكانی عێراق، یەكێك لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی یانەكەش شەیدا عەبدولمەنافە لەو یاریزانە كوردانەی كە توانیویەتی ئەنجامی شایستە لەگەڵ یانەكەی بەدەستبهێنێت،ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1995ی شاری هەولێرە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی



* چۆن بوو هاتیتە ناو یاری گۆڕەپان و مەیدان؟
- بەڕاستی من زۆر حەز و ئارەزووم بۆیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هەبوو، پێشموابوو كە ئەم یارییە هەڵبژێرم، چونكە ئەنجامی دەبێت، بۆیە ڕاستەوخۆ هاتمە یانەی هەولێر.
* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لەكوردستان؟
- یاری گۆڕەپان و مەیدان ڕۆژ بەڕۆژ ئاستی لەتەواوی شارەكانی كوردستان لەبەرەو پێشچووندایە، بەبڕوای منیش لەئاییندەیەكی زۆر نزیكدا زیاتر پێشكەوتووتر دەبێت.
* بۆچی یانەكان گرنگیەكی ئەوتۆ بە یاری گۆڕەپان و مەیدان نادەن لەچاو یارییەكانی تر؟
- گرنگی هەیە، بەڵام گەر یاریگای گۆڕەپان و مەیدانیان نەبێت، هەندێك جار كێشەیان بۆدروست دەبێت بۆمەشقەكان، سوپاسی یانەكەشمان دەكەم كە گرنگی باشمان پێ دەدەن.
* ئەی ئاستی ئەم یارییە لەشاری هەولێر چۆن دەبینی؟
- شاری هەولێر هەر لەمێژە ئەو یارییەی تێدا سەرهەڵداوە، چەندین یاریزانی بەتواناش لەم شارە دروست بووە كە شوێن پەنجەیان لەم یارییە دیار بووەو خاوەنی ئەنجامی شایستە بوون لەسەر ئاستی ئاسیا و وڵاتانی عەرەب، پێشبینیشم وایە ئاستی ئەم یارییە چەند ساڵێكی تر دەگاتە لوتكەی یانەكانی عێراقی.
* خانەوادەكەت تاچەند ڕێگریت لێ دەكەن؟
- بەپێچەوانەوە بگرە زۆر هاوكاریشم دەكەن، بەتایبەتی باوكی شیرینم كە هەمیشە پاڵپشتمە هۆكاری سەركەوتنیشم هەر بۆئەو دەگەڕێتەوە.
* داواكاریت لەلایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- بتوانن گرنگی زیاترمان پێ بدەن و خولی بەردەواممان بۆبكرێتەوە بۆباشتر بوونی ئاستی یاریزانانی كورد.
* ئەنجامەكانت چۆن بووە لەم یارییە؟
- ئەنجامەكانم یەكجار باش بووینە بەتایبەتی لەڕاكردنی 100م و200م، لەپاڵەوانێتی لوبنانیش توانیم پلەی دووەم و مەدالیای زیو بەدەستبهێنم.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لەكوردستان؟
- بكرێتە بەرنامە لەگشت یانەكان، كە تیپی گۆڕەپان و مەیدان دروست بكرێت، گرنگی تایبەتیش بەئاستی یاریزانە تەمەن بچووكەكان بدرێت.
* دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
- بەسوپاسەوە ئەوپەڕی هاوكاری ئێمەیان كردووە سوپاسیان دەكەم، سوپاسی ڕاهێنەرەكەشمان دەكەم.
* لەئێستادا بەرنامەت چییە وەكو یاریزانێك؟
- ئێمە وەكو یانەی هەولێر بەردەوام لەمەشقداین بۆئەوەی لەپاڵەوانێتیەكان بتوانین ئاست و ئەنجاممان شایستە بێت.
* كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە؟
- بەهۆی هاوكاری كردنی بەردەوامی یانەكەم، تاكو ئێستا نەیانهێشتوە كێشەمان هەبێت.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بتوانم لەپاڵەوانێتیەكانی داهاتوو ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بەدەستبهێنم، لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بەئاڵای كوردستانەوە مەدالیای جیهانی بەدەستبهێنم بۆكوردستان.
* ئەگەر یانەیەكی تر داوات لێ بكات، یاری بۆدەكەی؟
- هیچ كات بیرم لەجێهێشتنی یانەی هەولێر نەكردۆتەوە من لەسەرەتای یاری كردنمەوە لەم یانەیە پەروەردە بوویمە.
* چی بەو كەسانە دەڵێی كەرێگری لەڕۆڵەكانیان دەكەن و ناهێڵن وەرزش بكەن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش ڕێگە بەڕۆڵەكانیان بدەن بۆئەوەی بێنە نێو دنیای وەرزش و ڕۆڵەكانیان ئازاد بكەن.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
- سوپاس بۆئێوە، بەهیوای ئەوەم بەردەوام بن لەخزمەتكردنی ئافرەتانی وەرزشوان لەتەواوی یارییەكان.



Top