ئەمشەو بایرن میونشن و چێڵسی لەسەر نازناوی ئەوروپا بەیەك دەگەن
بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پاڵەوانیەتییەكە لەلایەن یانە ئەڵمانییەكەوە دەبێتە پێنجەم نازناو لە مێژووی خۆیدا، لە كاتێكدا یانەی چێڵسی تا ئێستا ئەم نازناوەی بەدەست نەهێناوە.
هەردوو یانە بەهۆی وەرگرتنی كارتی زەردەوە لە یاری كۆتاییدا لە خزمەتەكانی چەند یاریزانێكیان بێبەش دەبن و لە ریزی بایرن میونشن هەریەك لە ئۆڵگەر بادشتۆبەر و داڤید ئەلابا و گۆستاڤۆ یاری ناكەن و لە یانەی چێڵسیش رامیرێز و جۆن تێری كاپتن و رائول میریلیش و برانیسلاڤ ئیڤانۆڤیج بەشداری یارییەكە ناكەن.
هەرچەندە یانەی چێڵسی لە قۆناخی پێش ئەم یارییەدا توانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە پاڵەوانیەتییەكە بكاتە دەرەوە، بەڵام زۆرینەی چاودێران پێشبینی بردنەوەی یانەی بایرن میونشن دەكەن، لەبەرئەوەی یانەكە لەسەر یاریگای خۆی و لەبەردەم جەماوەركەی خۆیدا یاری دەكات.