ژیلە سەڵاح یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق:ئاواتم ئەوەیە ئەنجامی باش لەسەر ئاستی جیهان بەەست بهێنم

ژیلە سەڵاح یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق:ئاواتم ئەوەیە ئەنجامی باش لەسەر ئاستی جیهان بەەست بهێنم
ژیلە یەكێك لەیاریزانە هەرە بەتواناكانی عێراقە و یەكێكە لەو یاریزانە كوردانەی كە توانیویەتی ئەنجامی شایستە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بەدەستبهێنێت، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1994ی شاری سلێمانیە و لەهەمان كاتیشدا لەیانەی پێشمەرگە یاری دەكات، قوتابی پەیمانگای وەرزشیە لەقۆناغی سێیەم، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو، یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
-ئەوەی منی هێنایە نێو یاری گۆڕەپان و مەیدان خولیای من بوو بۆئەم یارییە و لەمنداڵیەوە ئەوە هیوای من بوو، كەبتوانم خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە هیوایەتەكەشم هاتەدی.
* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-ئاستی ئەم یارییە لەكوردستان ڕۆژ بەڕۆژ لەبەرەوو پێشچوونی بەردەوامدایە لەگشت شارەكانی كوردستان، گرنگی زۆر بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەدەن، هەر بۆیە زۆربەی یانەكان تیپی گۆڕەپان و مەیدانیان هەیە لەیانەكانیان.
*بۆچی یانەكان گرنگیەكی ئەوتۆ بەیاری گۆڕەپان مەیدان نادەن لەچاو یارییەكانی تر؟
-چونكە ئەم تیپانە یاریزانانی كچیان زۆر كەمە و تەنیا لەیارییەكانی تر كوڕ زۆرە، كچان بەدەگمەن ڕوو لەوەرزش دەكەن.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لەسلێمانی لەچ ئاستێكە؟
-شاری سلێمانی خاوەن بەرزترین ئاستە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵگەش بۆقسەكانم ئەوەیە كە زۆربەی یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدانی شاری سلێمانی لەهەڵبژاردەی عێراقە.
*بەشداری چەند پاڵەوانێتیت كردووە لەدەرەوەی عێراقن؟
-رۆژئاوای ئاسیا و پاڵەوانێتی عەرەب و پاڵەوانێتی ئاسیا و پاڵەوانێتی جیهانیش بەشداربوویمە وەكو كچە یاریزانێكی كورد.
*داواكاریت لەلایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر خزمەتی ئەم یارییە بكەن و من چەندین ئەنجامیشم بەدەستهێناوە كەچی هیچ بەرپرسێك هاوكاری نەكردومە.
*بۆچی داوای هاوكاریت لەلایەنی بەرپرس نەكردووە؟
-لەپاڵەوانێتی جیهانیش كە گەڕامەوە هیچ كەسێك بانگێشتی نەكردم، جگە لەخانمی یەكەمی عێراقی كە هاوكاری كردم.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لەكوردستان؟
- وەكو یاریزانێك پێم باشە بناغەی پێگەیاندنی یاریزانان دروست بكرێت، لەگشت شارەكانی كوردستان و گرنگی تایبەت بەیاریزانانی ئافرەت بدرێت.
*ئەنجامە باشەكانت چین وەكو كچە كوردێك؟
-تاكو ئێستا شەش میدالیای زێڕ و چوار زیو و سێ برۆنزم بەدەستهێناوە لەپاڵەوانێتیە جۆراوجۆرەكان، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەكو یاریزانێك؟
-لەخۆئامادەكردن دام بۆپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، بۆئەوەی بتوانم ئەنجامێكی شایستە بەدەستبهێنم.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە؟
-هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لەیانەی پێشمەرگە، بەڵكو زۆر هاوكاریشمان دەكرێ، لەیانەی پێشمەرگە زۆر گرنگی بەتوانای یاریزانان دەدرێت.
*خانەوادەكەت ڕێگرێت لێ ناكەن لەوەرزش كردن؟
-تاكو ئێستا هیچ ڕێگرێكیان لێ نەكردومە و زۆریش هاوكارمن لێرەوە سوپاسیان دەكەم.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بتوانم لەپاڵەوانێتی جیهانی ئەنجامێكی گەورە بەدەستهبێنم، ناوی خۆم و وڵاتەكەم بەرز كەمەوە.
*یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هاوكاریتان دەكەن؟
-بەڵێ بەوپەڕی دڵسۆزیان هاوكاریمان دەكەن.
* ئەگەر یانەیەكی تر داوات لێ بكات، یاری بۆ دەكەی؟
-هێشتا بیرم لەجێهێشتنی یانەكەم نەكردۆتەوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-زۆرسوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست كە بەردەوامە لەخزمەتكردنی ئافرەتانی وەرزشوانی شاری سلێمانی و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە خزمەتی وەرزشكارانی ئافرەت دەكات.



دیمانە: كارزان كانەبی
Top