ریال مه‌درید هه‌وڵی كرِینی یایا تۆرێی ده‌ست پێكردووه‌

ریال مه‌درید هه‌وڵی كرِینی یایا تۆرێی ده‌ست پێكردووه‌
رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی گوتی یانه‌ی ریال مه‌دریدی پاڵه‌وانی ئیسپانیا پرۆسه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ كرِینی یایا تۆرێی یاریزانی یانه‌ی مانچسته‌ر ستی ده‌ست پێكردووه‌ و وه‌ك سه‌ره‌تای ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش برِی 40 ملیۆن یۆرۆی بۆ كرِینی ئه‌و یاریزانه‌ دیاری كردووه‌ و پشتی به‌ په‌یوه‌ندی پته‌وی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر ستیدا قایمه‌ بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و گرێبه‌سته‌.
رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ جۆزێ مۆرینۆی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ به‌ توانای تۆرێ سه‌رسامه‌ و ده‌یه‌وێ له‌ پاڵ چابی ئه‌لۆنسۆدا هێڵی ناوه‌رِاستی تیپه‌كه‌ی پێ به‌هێز بكات، به‌ تایبه‌ت كه‌ یاریزانه‌كانی تری ئه‌و هێڵه‌ له‌ شێوه‌ی سامی خدیره‌ و نووری شاهین و لاس دیارا به‌ پێی پێویست نه‌یانتوانیوه‌ ره‌زامه‌ندی مۆرینۆ به‌ده‌ست بێنن.
رۆژنامه‌كه‌ چه‌ند رێگرییه‌كی له‌به‌رده‌م ویستی یانه‌ی شاهانه‌دا ده‌ست نیشانكردووه‌ بۆ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ تۆرێدا، له‌وانه‌ش مووچه‌ی به‌رزی ئه‌و یاریزانه‌ كه‌ 7 ملیۆنی بێ باجه‌ له‌ ساڵێكدا و به‌وه‌ش ئه‌و یاریزانه‌ مووچه‌ی ته‌نیا له‌ رۆناڵدۆ و كاكا كه‌متر ده‌بێت له‌ ریال مه‌درید، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی تۆرێ پێشتر له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ یاری كردووه‌ و چوونی بۆ ریال مه‌درید زه‌حمه‌ته‌، له‌وه‌ش قورستر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانچسته‌ر ستی زه‌حمه‌ته‌ به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری تۆرێ ببێت كه‌ یاریزانێكی لێهاتووی وه‌رزی ئه‌مساڵ بوو.
Top