درۆگبا ده‌یه‌وێ بچێته‌ به‌رشه‌لۆنه‌

درۆگبا ده‌یه‌وێ بچێته‌ به‌رشه‌لۆنه‌
سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌ ئیسپانییه‌كان ویستی دیدێ درۆگبای هێرشبه‌ریان له‌ چوونه‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی ئاشكرا كرد.
سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئیسپانیا گوتیان دیدێ درۆگبای هێرشبه‌ری یانه‌ی چێڵسی ئینگلیزی داوای له‌ به‌رِێوه‌به‌ری كاره‌كانی كردووه‌ دانووستان له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌دا ده‌ست پێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا په‌یوه‌ندی به‌و یانه‌یه‌وه‌ بكات.
فرانسوا گالاردۆی به‌رِێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌و هێرشبه‌ره‌ كۆتدیڤوارییه‌ گوتی چه‌ندین ده‌سته‌واره‌م له‌ یانه‌كانه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ كه‌ داواده‌كه‌ن وه‌رزی داهاتوو درۆگبا یارییان بۆ بكات و ئه‌و ده‌سته‌وارانه‌ هه‌ندێكیان هی یانه‌كانی ئه‌وروپان و ده‌سته‌واره‌ی یانه‌كانی چینیشی تێدایه‌.
گرێبه‌ستی درۆگبا له‌گه‌ڵ یانه‌ی چێڵسی له‌ 30 حوزه‌یرانی داهاتوو كۆتایی دێت و ئه‌و هێرشبه‌ره‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانییه‌وه‌ بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی داوای هیچ پاره‌یه‌ك له‌ بری گواستنه‌وه‌كه‌ی بكات.
Top