شاندەكەی كوردستان بەسەركەوتنەوە لەمەریوانەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان

شاندەكەی كوردستان بەسەركەوتنەوە لەمەریوانەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان
گوڵان : كارزان كانەبی-كاروان شێخ زیرەك
لە ڤیستیڤاڵی دووەمی نێودەوڵەتی یارییە میللیەكان كە لەشاری مەریوان سازكرا، تیپی هونەری میللی سلێمانیء دهۆك پلەكانی یەكەمء دووەمیان بەدەست هێناو، گوریس راكێشەكانی سلێمانیش بەپلەی دووەمەوە هاتنەوە.
لەشاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی یارییە میللیەكان بەبەشداری هەشت تیپی جیاواز چالاكییەكانی كۆتایی پێ هات، كەژمارەیەكی بەرچاو لەبەرپرسانی حكومیء جەماوەرێكی زۆری ناوچەكەو راگەیاندنكارانء كەناڵە ئاسمانییەكانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت كەناڵی كوردستان لەشاری سنە ئامادە بوون بۆ گواستنەوەی چالاكییەكانء چاوپێكەوتن لەگەڵ بەشداربوان.
لەڤیستیڤاڵەكەدا، شاندی وەزارەتی رۆشنبیریء هونەرو وەرزشء لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە 57كەس بوون، لەیارییە میلییەكانی وەك زۆرانبازیء گوریس راكێشان بەشدار بوونء، لەسەر ئاستی هونەریش، لەهەڵپەركێی كوردیء نیشاندانی چەند تابلۆیەكی هونەریدا دەورێكی سەرەكییان گێڕا لەسەر ئاستی ڤیستیڤاڵەكە.
بەڵام تیپی هونەری میللی سلێمانی سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریو هونەری سلێمانی دوای نمایش كردنی تابلۆی خاكء چەند تابلۆیەكی دیكە، توانی سەرنجی تەواوی ئامادەبووان بۆ لای خۆی رابكێشێتء ڤیستیڤاڵەكە برازێنێتەوە، بۆیە پلەی یەكەمی لەلایەن دادوەرانی هونەرییەوە پێ بەخشرا .
لەهەمان كاتدا تیپی هونەری میللی دهۆكی سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریو هونەری دهۆك دوای نمایشی تابلۆی مەمء زین ء چەند نمایشێكی دیكە، پلەی دووەمی ڤیستیڤاڵەكەی بەدەست هێناو، تیپی ساوجی مەریوانیش بۆ پلەی سێیەم دیاری كرا.
لەسەر ئاستی وەرزشی، دوای ئەوەی بڕیار بوو یاری كۆتایی گوریس راكێشان لەنێوان هەردوو تیپی سلێمانی و هەولێر ئەنجام بدرێت،بەڵام لەرۆژی دووەمدا جارێكی دیكە تیپی مەریوان گەڕێنرایەوە بۆ ناو كێ بڕكێكانء لەیارییەكدا لەتیپی هەولێری بردەوە، بەڵام یاری دوای ئەوە كەیاری كۆتایی ڤیستیڤاڵەكە بوو بەرامبەر بە سلێمانی، بەهۆی هاتنە ناوەوەی خەڵكی ئامادەبووی ڤیستیڤاڵەكەو چەند كێشەیەكی دیكە، نەتوانرا یارییەكە تەواوبكرێت، بۆیە دواتر بڕیاردا هەردوو تیپی مەریوان ء سلێمانی پلەكانی دووەمیان پێ ببەخشرێت بێ ئەوەی پلەی یەكەم دیاری بكرێت، كەئەمەش مەسجێك بوو بۆ خەڵكەكە بەوەی كە یارییەكان بۆ كەیفء خۆشییەو ئامانج لێی بەشداریء تێكەڵ بوونی یەكترەو گرنگ ئەنجام نییە.
هاوكات لە یاری زۆرانبازیشدا بەهۆی جیاوازی جۆری یارییەكە لەشێوە یاساییەكەیء،نەبوونی زانیاری تەواو لەسەر جۆری یارییەكە، یاریزانەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی باشیان بەدەست نەهێنا، تەنها ئەوە نەبێت كەیاریزان (دڵشاد عەبدولعەزیز)لەتیپی سلێمانی لەكێشی خۆیدا پلەی دووەمی دەستەبەركرد.
لە كۆتایی ڤیستیڤاڵەكەشدا، مامۆسا (جەمال صابر) وەك سەرۆكی شاند بەناوی وەزارەتی رۆشنبیری و هونەرو وەرزشء لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتەی سوپاسء پێزانینی ئاراستی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد بۆ ئەو بانگهێشت نامەیەی كە پێی ئامادەی ڤیستیڤاڵەكە بوون.
وە دواتریش لەلایەن سەرۆكی شاندی سلێمانیء هەولێرو دهۆك خەڵاتی رێزلێنان بەخشرا بەبەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە ئامادەبون لەڤیستیڤاڵەكەدا.
هەروەها شەوی پێش گەڕانەوەی شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەهۆڵی هوتێلی زرێوار لەلایەن بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خەڵاتی رێزلێنانی بڕوانامە بەخشرا بەتیپە سەركەوتوەكانی خاوەنی خەڵاتی یەكەمء دووەم كە سلێمانیء دهۆك بوو لەنمایشی هەڵپەركێ، وە خەڵاتیش بەخشرا بەسەرۆكی شاندی وەزارەتء، دوانیوەڕۆی شەممە 12-5 شاندەكەی كوردستان گەڕانەوەی بۆ خاكی هەرێمی كوردستان.
بۆ بیرهێنانەوە تیپە بەشداربووەكان بریتی بوون لە تیپی شارەكانی (مەریوان-سنە-ئەسفەهان-گلستان-ئەراك-سلێمانی-هەولێر- دهۆك).
Top