هەڵبژاردەی كوردستان یەكەم سەركەوتنی نێودەوڵەتیی تۆمار كرد

هەڵبژاردەی كوردستان یەكەم سەركەوتنی نێودەوڵەتیی تۆمار كرد
گوڵان : ئەرسەلان عەبدوللا-كارزان كانەبی
ئەمڕۆ سێشەممە لە یەكەم بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان یەكەم سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی مۆریتانیا تۆمار كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە یاریگەی ماجید لە ناوچەی بیڕە لە شاری ڕامەڵڵای فەڵەستین، هەڵبژاردەی كوردستان لە یەكەم یاریی فەرمی و نێودەوڵەتیی خۆیدا توانی سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات و بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی یەكەم و نیشتیمانیی مۆریتانیای بردەوە.
زۆربەی تیپەكانی پاڵەوانیەتییە بە تیپی دووەم و ئۆڵمپی بەشدارییان كردووە، بەڵام مۆریتانیا بە تیپی یەكەم هاتووە.
سەرەتای یارییەكە سروودی نیشتیمانی مۆریتانیا و ئینجا كوردستان پێشكەش كرا و ئاڵای كوردستان بەرز كرایەوە. لە یارییەكەشدا یاریزانانی كوردستان دەستیان خۆیان وەشاند و لە خولەكی 2دا ئامانج عومەر گۆڵی یەكەمی تۆمار كرد و خۆشییەكی زۆری خستە دڵی شاندی كوردستان و بەشێكی زۆری جەماوەری ئامادەبوو، كە هانی كوردستانیان دەدا.
تیپی مۆریتانیا لەگەڵ ئەوەی باڵابەرز و جەستەبەهێز و توندوتیژ بوون لە یارییەكە، بەڵام نەیانتوانی هەڵەكانی بەرگری و گۆڵچییان بشارنەوە، بۆیە مەترسییەكانی تیپی كوردستان بۆ سەر گۆڵی سولەیمانا گالۆی گۆڵچیی مۆریتانیا بەردەوام بوو.
لە خولەكی 44دا كارزان عەبدوڵڵا توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و سەركەوتنەكە نزیگ بكاتەوە.
پاشان لە خولەكی 55 دا كۆسرەت باییز بە زیرەكیی خۆی توانی گۆڵی سێیەم و دڵنیایی تۆمار بكات و بۆ خۆشی دەربڕینی گۆڵەكەش، ڕووی لەو دوو وێنە گەورەیەی هەردوو سەرۆكی كوردستان و عێراق مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی كرد كە لە نێو یاریگەكەدا دانراوە و سڵاوی بۆ كردن وەكو نیشاندانی دڵسۆزیی خۆی بۆ كورد و كوردستان.
لە وەڵامی ئەمەدا تیپی مۆریتانیا گۆڵێكیان لە ڕێی یاریزان ئیسماعیل عیسا لە خولەكی 75 تۆمار كرد، بەڵام ورەی كوردەكان دانەبەزی و بەرگرییان لە ئەنجامەكە كرد، هاوكات راهێنەر و ستافەكەی چەند گۆڕانكارییەكیان ئەنجام دا و بەڵانسی ناوەڕاستیان ڕاگرت.
ئەوە یەكەم سەركەوتنی كوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە مێژوو و تۆماری نێودەوڵەتیی پاڵەوانیەتیی فەڵەستیندا دەنووسرێتەوە.
هاوكات بەشێكی زۆری جەماوەری ئامادەبوو خۆشحاڵیی خۆیان بە سەركەوتنی كوردستان دەربڕی و پیرۆزباییان لە شاندەكە كرد.
دوای یارییەكەش یاریزان كۆسرەت باییز خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەكەی وەرگرت، دوای ئەوەی لە لایەن لیژنەی خولەكەوە بووە جێی سەرنج و خەڵات كرا.
هەروەها دوای یارییەكە، سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان و سەرۆكی شاند سەفین كانەبی، لەگەڵ ستافی تیپەكە كۆبووەوە و پیرۆزبایی لێ كردن، هەروەها بڕیاری دا بە خەڵاتكردنی سەرجەم ئەندامانی شاندەكە وەكو پاداشتی بردنەوەی یارییەكە.
Top