نیستەلرۆی وازی لە یاریكردن هێنا
نیستەلرۆی كە لە وەرزی ئەمساڵدا پێشەوایەتی یانەی مەلەگەی ئیسپانی كرد بۆ گرتنی پلەی چوارەمی خولی ئیسپانی و بەشداریكردن لە پاڵاوتنەكانی وەرزی داهاتوو لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا گوتی دوێنێ دوا یاریم لە ژیانی پیشەگەرانەی خۆمدا ئەنجامدا و دەمەوێ لێرەدا بوەستم.
هەروەها گوتی بە هاوكاریی یانەكانی ئایندهۆڤن و مانچستەر یونایتد و ریال مەدرید و هیرنڤین و هامبۆرگ و مەلەگە كاروانێكی نایابم لە تۆپی پێدا بەسەر برد و ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بەیەكجاری واز لە یاریكردن بێنم.
نیستەلرۆی كە لە تەمەنی 35 ساڵیدا وازی لە یاری هێنا ساڵی 1993 بۆ یەكەمجار لە ریزی یانەی دن بوشی هۆڵەندی دەستی بە یاریكردن كردووە.
ئەو گوتی ئیدی هەست دەكەم توانای یاریكردنم نەماوە، نەجەستەم و نە مێشك و نە توانای دەروونیم رێگەی ئەوەم پێنادەن بەردەوام بم، بۆیە پێڵاوەكانم هەڵدەگرم و بەیەكجاری وەك یاریزان یاریگا جێدەهێڵم.
نیستەلرۆی 70 یاری بۆ هەڵبژاردەی هۆڵەندا كردووە و 35 گۆڵی تۆمار كردووە.