جارێكی تر مۆدریچ داوای رۆیشتن له‌ تۆتنهام ده‌كات

جارێكی تر مۆدریچ داوای رۆیشتن له‌ تۆتنهام ده‌كات
رۆژنامه‌ی ده‌یلی میلی به‌ریتانی ئاشكرای كرد كه‌ لۆكا مۆدریچی یاریزانی یانه‌ی تۆتنهام هۆتسپێری ئینگلیزی جارێكی تر سووربوونی خۆی له‌سه‌ر رۆیشتن له‌ یانه‌كه‌ی له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا دووپات كردووه‌ته‌وه‌.
رۆژنامه‌كه‌ گوتی ئه‌و پله‌ی مه‌یكه‌ره‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌ داوا له‌ یانه‌كه‌ی ده‌دات رێگه‌ی رۆیشتنی پێ بدات بۆ چوونه‌ ریزی یانه‌ی چێڵسی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یانه‌ی چێڵسی وه‌رزی داهاتوو له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپاش یاری نه‌كات.
یانه‌ی چێڵسی هه‌لی به‌شداریكردن له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپای له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵدا له‌ده‌ست داوه‌ و ته‌نیا ئومێدێك بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزی داهاتوو له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌ یاری بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مساڵ له‌ یاری كۆتاییدا نازناوی خوله‌كه‌ بباته‌وه‌ و به‌شداریكردنی بۆ وه‌رزی داهاتوو مسۆگه‌ر بكات.
رۆژنامه‌كه‌ گوتی ئه‌و یاریزانه‌ فشاری له‌سسه‌ر دانێل لیڤی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ی دروستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ چێڵسی. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هاری ریدناپی راهێنه‌ری یانه‌ی تۆتنهام ئاشكرای كردبوو یانه‌كه‌ی توانای هێشتنه‌وه‌ی لۆكا مۆدریچی نییه‌ له‌ ریزه‌كانیدا.
Top