ڤیلانۆڤا: فرۆشتنی ئه‌م 7 یاریزانه‌ هێڵی سووره‌

ڤیلانۆڤا: فرۆشتنی ئه‌م 7 یاریزانه‌ هێڵی سووره‌
سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد تیتۆ ڤیلانۆڤای راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی، لیستێكی به‌ ناوی 7 یاریزان داوه‌ته‌ كارگێرِیی یانه‌كه‌ی كه‌ ناوی ناوه‌ لیستی سوور و تێیدا دیاری كردووه‌ كه‌ ئه‌و 7 یاریزانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی بیركردنه‌وه‌ له‌ فرۆشتن نین.
ئه‌وه‌ی ڤیلانۆڤا له‌ نووسراوه‌كه‌یدا گوتویه‌تی بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڤیكتۆر ڤاڵدێس، كارلیس پۆیۆل، جیرارد پیكێ، سێرجیۆ بۆسكیچ، چاڤی هێرناندێز، ئه‌ندرێس ئینێستا و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می یانه‌كه‌.
رۆژنامه‌كان ده‌ڵێن ڤیلانۆڤا داوای كردووه‌ یانه‌كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ئاشكرا رابگه‌یه‌نێت تا كه‌س بیر له‌ ده‌ستپێكردنی دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانانه‌دا نه‌كاته‌وه‌.
روونه‌ كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌موو یاریزانان ناگرێته‌وه‌ و چه‌ند یاریزانێكی تر هه‌ن ڤیلانۆڤا لای خۆیه‌وه‌ له‌ ژێر وردبینی و بیركردنه‌وه‌ دایناون، له‌وانه‌ش ئه‌لێكسیس سانچێز و سیسك فابریگاس.
به‌ڵام به‌پێی رۆژنامه‌كان هه‌ندێك یاریزانی تریش جێگه‌ی بیركردنه‌وه‌ له‌ فرۆشتن نین به‌لای ڤیلانۆڤاوه‌، له‌وانه‌ش دانی ئه‌لڤێش، پیدرۆ رۆدرێگز، ئیبراهیم ئه‌فیلای، ئه‌دریانۆ و سیدۆ كیتا.
Top