كوشتنی یاریزانێكی ئه‌رجه‌نتینی

كوشتنی یاریزانێكی ئه‌رجه‌نتینی
لاوتارۆ بۆگاتۆی ته‌مه‌ن 20 ساڵ، یاریزانی یانه‌ی بانفیڵدی ئه‌رجه‌نتینی رۆژی یه‌كشه‌مه‌ی رابردووو دوای ئه‌وه‌ی فیشه‌كێك به‌ر سنگی كه‌وت گیانی له‌ده‌ستدا و ئه‌و یاریزانه‌ ئه‌و كات برینداربوو كه‌ شه‌رِه‌ ته‌قه‌ له‌ نزیك ماڵَه‌كه‌ی ئه‌و له‌ بۆرزاكۆ له‌ بۆینس ئایرس رووی دا.
كارلۆس بۆرتێلی سه‌رۆكی یانه‌ی بانفیڵد گوتی هیچم نییه‌ بیڵێم، ئه‌و یاریزانێكی زۆر باش بوو و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش چاوه‌رِێی ده‌كرد و پێشبینیمان ده‌كرد داهاتووی تیپه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.
بۆگاتۆ له‌ حوزه‌یرانی رابردوودا گه‌رِایه‌وه‌ یانه‌ی بانفێڵد دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك به‌ شێوه‌ی خواستن یاری بۆ یانه‌ی تریستیان سوارێز كرد.
بۆگاتۆ كه‌ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینی خوار ته‌مه‌نی 20 ساڵان بوو، له‌ كاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی كه‌وته‌ نێو شه‌رِه‌ ته‌قه‌وه‌ له‌ كاتێكدا پۆلیس هه‌وڵی ده‌دا رێگه‌ له‌ چه‌ند دزێك بگرێت كه‌ هه‌وڵی بردنی ماتۆرِسكیلێكیان ده‌دا، ئه‌و یاریزانه‌ نه‌یتوانی له‌ رووداوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و فیشه‌كێك به‌ر سییه‌كانی كه‌وت.
ئه‌دریان رۆمیرۆی نوێنه‌ری ئه‌و یاریزانه‌ گوتی لاوتارۆ له‌ كاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌ی فیشه‌كی به‌ركه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ هاورِێكانی گه‌یاندیانه‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام خوێنی زۆری لێ رۆیشتبوو و گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌و پیاوێكی نایاب بوو و باوكی منداڵێكی دوو ساڵان بوو.
Top