بۆ فرۆشتنی به‌یڵ، تۆتنهام داوای 50 ملیۆن یۆرۆ ده‌كات

بۆ فرۆشتنی به‌یڵ، تۆتنهام داوای 50 ملیۆن یۆرۆ ده‌كات
سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی به‌ریتانیا ئاشكرایان كرد كارگێرِیی یانه‌ی تۆتنهام رازی بووه‌ به‌ ده‌ست پێكردنی دانووستان بۆ فرۆشتنی گاریس به‌یڵی یاریزانی یانه‌كه‌ به‌و مه‌رجه‌ی گرێبه‌ستی پێشكه‌شكراو 50 ملیۆن یۆرۆ كه‌متر نه‌بێت.
پێشتر ئه‌و یاریزانه‌ وێڵزییه‌ ئاشكرای كردبوو ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ی وه‌رزی داهاتوو له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا یاری نه‌كات، به‌ لێبرِاوییه‌وه‌ بیر له‌ رۆیشتن له‌و یانه‌یه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و لێدوانه‌ سه‌رنجی زۆر یانه‌ی ئه‌وروپی به‌لای ئه‌و یاریزانه‌دا راكێشا.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی میرۆری به‌ریتانی گوتی مانچسته‌ر ستی ئاماده‌یه‌ برِی 40 ملیۆن یۆرۆ بداته‌ تۆتنهام بۆ كرِینی به‌یڵ له‌گه‌ڵ ده‌ستهه‌ڵَگرتن له‌ ئیمانوێل ئه‌دیبایۆری یاریزانی یانه‌كه‌ كه‌ له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵدا به‌ شێوه‌ی خواستن له‌ یانه‌ی تۆتنهام یاری ده‌كات و كۆی ئه‌و گرێبه‌سته‌ ده‌كاته‌ 50 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێ تۆتنهام ئه‌گه‌ر ئه‌دیبایۆری نه‌وێ ده‌توانێ 40 ملیۆن و ئاده‌م جۆنسۆن یان نایگل دی یۆنگ داوا بكات.
Top