بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ستیدا مانچسته‌ر یونایتد 100 ملیۆن پاوه‌ند خه‌رج ده‌كات.

بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ستیدا مانچسته‌ر یونایتد 100 ملیۆن پاوه‌ند خه‌رج ده‌كات.
سێر ئه‌لێكس فێرگسۆنی راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی ده‌یه‌وێ هاوینی ئه‌مساڵ برِی 100 ملیۆن پاوه‌ند له‌ كرِینی یاریزاناندا خه‌رج بكات تا مانچسته‌ر ستی دراوسێی باڵاده‌ست نه‌بێت به‌سه‌ریدا.
یونایتد ئه‌مساڵ زۆر نزیكه‌ له‌وه‌ی ده‌ستبه‌تاڵ له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا ئومێدێكی زۆر كه‌می به‌ بردنه‌وه‌ی خولی ئینگلیزی ماوه‌ كه‌ ئه‌و ئومێده‌ش بریتییه‌ له‌ كه‌وتنی مانچسته‌ر ستی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ له‌و دوو یارییه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجامی ده‌دات.
سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئینگلته‌را ده‌ڵێن فێرگسۆن برِیاری داوه‌ 100 ملیۆن پاوه‌ند له‌ هاویندا خه‌رج بكات و بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا ده‌یه‌وێ ئیدین هازاردی یاریزانی لاوی یانه‌ی لیلی فه‌ره‌نسی بكرِێت، له‌گه‌ڵ لۆكا مۆدریچی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی تۆتنهام هۆتسپێر.
یانه‌كه‌ به‌پێی رۆژنامه‌كان هه‌روه‌ها چاودێری فرناندۆ لۆرێنتی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ئه‌تله‌تیك بلباوی ئیسپانی ده‌كات. ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی یانه‌كه‌ بیر له‌ كرِینی دوو پشتگر ده‌كاته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی پاتریس ئیڤرا ته‌مه‌نی 31 ساڵه‌ و رافایل دا سیلڤای به‌رازیلیش ئاستی باش نییه‌.
ئه‌و یاریزانانه‌ی یانه‌كه‌ جێده‌هێڵن له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا بریتی ده‌بن له‌ دیمیتار برباتۆڤ و مایكڵ ئۆین، ئه‌مه‌ جیا له‌ فیدریكۆ و ماكیدا و ئه‌ندرسۆن. داواكراوترین یاریزانی مانچسته‌ر ویسلی سنایده‌ری ئه‌ستێره‌ی هۆڵه‌ندییه‌ كه‌ هاوینی رابردووش یانه‌كه‌ هه‌وڵی كرِینی دا.
Top