سیڤان جەمشید یاریزانی شەتڕەنجی یانەی خانزاد: لەكۆمەڵگەی ئێمە هێشتا كچ ئازاد و سەربەخۆ نییە لە وەرزش كردن

سیڤان جەمشید یاریزانی شەتڕەنجی یانەی خانزاد: لەكۆمەڵگەی ئێمە هێشتا كچ ئازاد و سەربەخۆ نییە لە وەرزش كردن
* چۆن بوو ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- بەڕاستی یاری شەتڕەنج یەكێكە لەیارییە خۆشەكان و یارییەكی زانستییە و بەیاری كەسی گەورە ناوبانگی هەیە، منیش بەهۆی حەز و خولیام بۆ ئەو یارییە توانیم خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە..
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
- ئاستی ئەم یارییە لەئێستادا باشە، بۆیە ئەم ئاستەش وادەكات كە یاریزانان زیاتر بەرەوپێش بچن و زیاتر یاری بكەن.
* لەشاری هەولێر بەتایبەتی لەچ ئاستێكە؟
- شاری هەولێر هەمیشە پێشەنگ بووە لەدروستكردنی یاریزانی شەتڕەنج، یاریزانەكانیش ئەنجامیان بەرچاو بووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و عێراق، هەوڵیش دەدەین هەر بەپێشەنگی بمێنینەوە.
* پێت باشە چی بكرێت بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت؟
- خولی زیاتر بكرێتەوە بۆ یاریزانان بۆئەوەی ئاستی خۆیان بسەلمێنین لە پاڵەوانێتیەكاندا، گرنگی بەتوانای كچانی وەرزشكار بدرێت، گرنگی بەئاستی وەرزشكارە بچووكەكان بدرێت، ئەم یارییە ببرێتە نێو قوتابخانەكانیش.
* هیچ یانەیەك داوای لێ كردوی یاری بۆبكەیت؟
- بەڵێ چەند یانەیەك داوایان لێ كردومە.
* وەكو كچە قوتابیەك كێشەت بۆدروست نابێت، لەوەرزش كردنت؟
- بەڵێ هەندێك كات كێشەم بۆدروست دەبێت كە ناتوانم لەمەشقەكانم ئامادەبم، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستم.
* بۆچی كچان لەئێستادا كەم دەبینرێن لەیاری شەتڕەنج؟
- ئەوەی ڕاستی بێت گەلێك هۆكار هەیە كە وای لەكچە وەرزشكاران كردووە كچ لەوەرزش دووربكەوێتەوە، بەتایبەتی ڕێگری كردن لەلایەن خێزانەكانیان، یاخود لەڕووی كۆمەڵگەوە هێشتا كچ ئازاد نەبووە كە سەربەخۆ وەرزش بكات. یارییەكی گرانە هەموو كچێك ناتوانێ ئەم یارییە ئەنجام بدات.
* كێشەو گرفتتان چیە لەیاری شەتڕەنج؟
- هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام ئەگەر هۆڵی گەورە بكرێتەوە باشترە.
* یانەی خانزاد وەكو پێویست هاوكاریتان دەكات؟
- بەڵێ هاوكاریمان دەكەن، ئێمەش خۆشمان بۆخۆمان هەوڵی بەرەوپێشچوونی خۆمان دەدەین لەم یارییە بۆئەوەی خۆمان ئاستی خۆمان پێش بخەین.
* لەهەڵبژاردەی عێراق بانگێشت نەكراوی؟
- تا ئێستا نەخێر، بەڵام هەوڵدەدەم لەداهاتوو ببمە یەكێك لەیاریزانەكانی هەڵبژاردەی شەتڕەنجی عێراقی.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بەهیوای ئەوەم وەكو كچە وەرزشكارێكی كورد بتوانم لەخولێكی نێودەوڵەتی بەشداری بكەم و ئەنجامێكی شایستە بەدەست بێنم.
* داوكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرس؟
- بەهیوای ئەوەم لایەنی بەرپرس گرنگی زیاتر بەكچان بدات، یاری شەترەنج ببێتە یارییەكی گرنگ، خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكرێت لەشارەكانی كوردستان.
*ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-سوپاس بۆئێوەی بەڕێز بەهیوای ئەوەم گرنگی بەردەوام بەئافرەتی وەرزشكار بدرێت.
Top