موسا موحسین ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ پایسكلسواری: هیوادارم هیچ دەزگایەك هەواڵ بەبێ زانیاری دروست بڵاونەكاتەوە
- ئەوەی ڕاستی بێت لەشاری هەولێر بۆ ماوەی (15) ڕۆژ ئۆردوگایەكی مەشقیمان ئەنجامدا بەئامادەبوونی (10) یاریزان لەم ئۆردوگایە توانیمان شەش یاریزان بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دەستنیشان بكەین، بەهۆی نەبوونی تراك لەعێراق بڕیارمان دا مەشقەكانمان بۆ وڵاتی ئێران بگوازینەوە، لەم وڵاتە ئۆردوگایەكی مەشقیمان بۆ ماوەی (12) ڕۆژ ئەنجامدا دواتر لەوڵاتی ئیمارات ئۆردوگایەكی مەشقیمان بۆ ماوەی (5) ڕۆژ ئەنجامدا.
*چەند یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق كورد بوون؟
-لەم پاڵەوانێتیە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەشەش یاریزان بەشداری كرد، خۆشبەختانە هەر شەش یاریزان بەستافی مەشقەوە هەمووی كورد بوون، بەمشێوەیە (موسا موحسین ڕاهێنەر)، یاریزانان (هونەر عەبدولستار، محەمەد بەكر، ئاری جەلال، مستەفا عیزەت، سوهێل سامی، ئیبراهیم شێركۆ).
* ئەنجامەكانتان چۆن بوو لەم پاڵەوانێتیە؟
- ئەنجامەكانمان زۆر باش بوو لەم پاڵەوانێتیە و توانیمان چەندین ملوانكە بەدەستبهێنین، بەمشێوەیە.
1- لەپێشبڕكێی خێرا بۆ تیپ، كە ماوەكەی (750)م بوو توانیمان پلەی دووەم بەدەستبهێنن و یاریزانەكان بریتی بوون لە(هونەر عەبدولستار، ئاری جەلال، ئیبراهیم شێركۆ).
2- لەپێشبڕكەی دواكەوتن تیپ، كە ماوەكەی (4)كم بوو توانیمان پلەی سێیەم و ملوانكەی برۆنز بەدەستبهێنین و یاریزانەكان بریتی بوون لە(محەمەد بەكر، مستەفا عیزەت، هونەر عەبدولستار، ئاری جەلال).
3- لەپێشبڕكێی كیلۆ، كە ماوەكەی (1)كیلۆ بوو توانیمان ملوانكەی زێڕ بەدەستبهێنین، كە یاریزان ئاری جەلال بەتەنیا بەشداری لەم پێشبڕكێیە كرد.
* بەبۆچوونی تۆ پێشبڕكێی تراك زەحمەتە یاخود پێشبڕكێ لەسەر ڕێگا؟
- بەبۆچوونی خۆم پێشبڕكێی تراك زەحمەتترە لەپێشبڕكێی ڕێگا.
* ئایا بەشداریت لەهیچ خولێكی ڕاهێنەرایەتی كردووە لەپێشبڕكێی تراك؟
- بەڵێ، بەشداریم لەخولێكی ڕاهێنەرایەتی كردووە لەسەر تراك، كە لەوڵاتی ئیمارات ئەنجامدرا و سوودێكی باشم لێوەرگرت توانیم ئەو زانیاریانەی كە لەم خولە وەرمگرت بگوازمەوە بۆ یاریزانەكان، چونكە یاریزانەكان هیچ زانیارییەكان لەسەر پێشبڕكێی تراك نەبوو، ئەوە یەكەم جارە بەشداری لەم جۆرە پاڵەوانێتیانە دەكەن، لەئۆردوگای هەولێر كاری ئێمە تەنیا فێركردنی یاریزانەكان بوو چۆن بەشداری لەپێشبڕكێی تراك دەكەن و ناوی پێشبڕكێكە چییە و هەروەها ئۆردوگای هەولێر هۆكاری سەرەكی ئەنجامە باشەكانمان بوو، چونكە مەشقی یاریزانەكان لەسەر ڕێگا بوو، یاسایەك هەیە لەپێشبڕكێی تراك دەڵێت، ئەگەر یاریزان لەسەر ڕێگا ئاستی باش نەبوو، ئەوە ناتوانێت لەسەر تراك ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت.
*دوا وتەت چییە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت لەچەند دیمانەیەك، یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق ئاری جەلال دەڵێت ئەو یەكەم یاریزانی كوردە، كە میدالیای زێڕی بەدەستهێناوە، ڕاستە ناوبراو یەكەم یاریزانی كوردە میدالیای زێڕی لەڕكابەرییەكانی تراك بەدەستهێناوە، بەڵام یەكەم یاریزانی كورد كە میدالیای زێڕی لەپاڵەوانێتیەكانی عەرەب بەدەستهێنابێت، ئەوە یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق عەبدولقادر نورەدین-ە، كە لەساڵی 1990 لەپاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب، كە لەمیسر بەڕێوەچوو توانی میدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی ماوەی پێشبڕكێكە (100)كم بوو.
هیوادارام هیچ لایەنێك هەواڵ بەبێ زانیاری دروست بڵاونەكەنەوە، چونكە مافی كەسانی تر دەبردرێت، خۆم وەكو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق زۆر بەم یاریزانانە ماندوو بووم تا توانیمان ئەم ئەنجامە باشانە بەدەستبهێنین.