خەڵاتەكانی یەكێتی نێودەوڵەتی مێژوو و ئامارەكانی تۆپی پێ بەرشلۆنە كۆنتڕۆڵی زۆربەی خەڵاتەكان دەكات

خەڵاتەكانی یەكێتی نێودەوڵەتی مێژوو و ئامارەكانی تۆپی پێ بەرشلۆنە كۆنتڕۆڵی زۆربەی خەڵاتەكان دەكات
یەكێتی نێودەوڵەتی مێژوو و ئامارەكانی تۆپی پێ خەڵاتەكانی خۆی بۆ ساڵی 2011 ئاشكراكرد لەگەڵ خەڵاتەكانی دە ساڵەی یەكەمی سەدەی 21، محەمەد بن سەقەر سەرۆكی یەكێتی ناوبراو لە شاری دوبەی ناوی براوەكانی ئاشكرا كرد و تیایدا یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی كۆنتڕۆڵی زۆربەی خەڵاتەكانی كرد دوای ئەوەی توانی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و مۆندیالی یانەكان بباتەوە لە ساڵی 2011 دا، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە لیۆنیل میسی خەڵاتی باشترین گۆڵكاری وەرگرت، هەروەها یاریزانی یانەی بەرشلۆنە زاڤی هێرناندیز خەڵاتی باشترین دروستكاری گۆڵی وەرگرت، راهێنەر پیب گواردیۆلا خەڵاتی باشترین راهێنەری وەرگرت ـ تاكە خەڵات كە بۆ یانەی ریال مەدرید بوو خەڵاتی باشترین گۆڵچی كە بۆ ئیكەر كاسیاس بوو، لە هەمان كاتدا یانەی بەرشلۆنە خەڵاتی باشترین یانەی وەرگرت بە كۆكردنەوەی 3670 خاڵ بەرامبەر 3120 خاڵ بۆ یانەی ریال مەدرید .
لە خەڵاتەكانی دیكەدا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرگوای ئۆسكار تابارێز خەڵاتی باشترین راهێنەری نیشتمانی وەرگرت بە هۆی بەدەستهێنانی كوپا ئەمریكا و پلەی دووەم بۆ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا ڤیسینتی دیل پۆسكی بوو، یاریزانی لاتڤیا ئەلیكسەندەر لایڤز خەڵاتی باشترین گۆڵكاری لە خولێكی نیشتمانی وەرگرت بە تۆماركردنی 46 گۆڵ و كریستیانۆ رۆنالدۆ لە یانەی ریال مەدرید بە پلەی دووەم هات بە تۆماركردنی 40 گۆڵ .
هەروەها خەڵاتەكانی دە ساڵەی یەكەمی سەدەی 21 ئاشكرا كران، یانەی بەرشلۆنە خەڵاتی باشترین یانەی وەرگرت، راهێنەری یانەی ئەرسنالی ئینگلیزی ئارسن ڤینگەر خەڵاتی باشترین راهێنەری وەرگرت، خەڵاتی باشترین گۆڵچیش بۆ جیانلویجی بۆفۆن گۆڵچی یانەی یۆڤانتس و هەڵبژاردەی ئیتالیا بوو، یاریزانی هۆڵەندی رۆد ڤان نیستەلرۆی یاریزانی یانەی مالاگە خەڵاتی باشترین گۆڵكاری وەرگرت .
یاریزانی ئیتالی فرانچیسكۆ تۆتی خەڵاتی پڕجەماوەرترین یاریزانی لە كیشوەری ئەوروپا وەرگرت، لە ئاسیاش خەڵاتەكە بۆ یاریزانی سعودی یاسر قەحتانی بوو، شایانی باسە خەڵاتەكان لە ئاهەنگێكی گەورە لە مانگی ئایاری داهاتوو دابەش دەكرێت.
Top