وەرزی یاریزان كلۆزە كۆتایی هات
رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتالی دووپاتیكردەوە كە وەرزی یاریزانی ئەڵمانی میرسلاڤ كلۆزە یاریزانی یانەی لازیۆ كۆتایی هاتووە و ناتوانێ لەو یارییانەی كە ماوە لە خولی یانەكانی ئیتالیا لەگەڵ یانەكەی بەشدار بێت بە هۆی ئەو پێكانەی كە لە مانگی ئاداری رابردوو تووشی هاتبوو، بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەكە یاریزان كلۆزە نایەوێت چارەنووسی بەشداریكردنی لە یارییەكانی یۆرۆی 2012 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بخاتە مەترسییەوە .
راهێنەری یانەی لازیۆ ئیدی ریا بە هیوای ئەوە بوو كە كلۆزە لە دوا دوویاری لە خولی ئیتالیا بەشدار بێت بەڵام راهێنەری ناوبراو دانی بەوەدانا كە وەرزی كلۆزە لەگەڵ یانەی لازیۆ كۆتایی هاتووە دوای ئەوەی پێكانەكەی لە قاچی راستەیدا تووشی هاتبوو بە تەواوی چاك نەبۆتەوە، لەو كاتەی دەزگاكانی راگەیاندنی ئەڵمانیا رایانگەیاند كە كلۆزە ئامادە دەبێت بۆ بەشداریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یۆرۆی 2012 .
یاریزان كلۆزە لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی لازیۆ كرد و لە 24 یاری 12 گۆڵی بۆ یانەكەی تۆماركردووە كە ئێستا یانەی لازیۆ لە پلەی سێیەمی كالچیۆی ئیتالی دێت بە جیاوازی 3 خاڵ لە گەڵ ئۆدینیزی چوارەم و 4 خاڵ لە گەڵ رۆمای پێنجەم و بە هیوای بەشداریكردنە لە خولی یانەكانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوودا .