هاندەرانی بەرشلۆنە گاریس بێلیان دەوێت

هاندەرانی بەرشلۆنە گاریس بێلیان دەوێت
رۆژنامەی ئەلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆ كە لەشاری بەرشلۆنەی ئیسپانی دەردەچێت رایگەیاند كە یاریزانی هەڵبژاردەی وێلز و یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی گاریس بێل لە لیستی پێشەوەی ئەو یاریزانانەیە كە یانەی بەرشلۆنە هەوڵی كڕینەوەی دەدات لە وەرزی هاوینی داهاتوو بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی یاریزان ئەریك ئەبیدال بێت كە ئێستا لە قۆناغی چاككبونەوەیە لە نەشتەرگەری چاندنی جگەر كە لە پێش دوو هەفتە بۆی ئەنجامدرا بوو، یانەی بەرشلۆنە ئامادەیە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ تەرخان بكات وەك نرخی یاریزان بێل كە جێگای بایەخی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپایە.
گاریس بێل پێش ماوەیەك سەبارەت بە بایەخدانی هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ریال مەدرید وتی : ئەگەر باسی هەردوو یانەی بەرشلۆنە یان ریال مەدرید بكەین ئەوا هەردووكیان گەورەترین دوو یانەی جیهانن، یاریكردن بۆ ئەم یانانە خەونێكە یەكجار لە ژیانت دێتە دی، ئەگەر بە هەر یاریزانێك بڵێیت دەتوانی یاری بۆ بەرشلۆنە یان ریال مەدرید بكەیت ئایا رەتی دەكاتەوە ؟ بێگومان نەخێر .
دووركەوتنەوەی یانەی تۆتنهام لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەركی یانەی بەرشلۆنە ئاسانتر دەكات لە رازیكردنی یاریزان بێل و یانەكەی بۆ پەلكێشكردنی بۆ یاریگای كامب نو، لە هەمان كاتدا هاندەرانی یانەی بەرشلۆنە لە راپرسییەكدا یاریزان گاریس بێل بە دواكاری یەكەمیان دانا بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بێتە ریزی یانەكەیان.
Top