چۆن دیاردەی ئاژاوەگێڕی لەیاریگاكانی كوردستان چارەسەر دەكرێت
ئەگەر سەیری یارییەكانی خولەكانی كوردستان بكەین لەسەر ئاستی نایاب و لاوان و تازەپێگەیشتووان و پلە یەك و دوو و سێ، ئەم دیاردەیە بەڕوونی دیارە، بەڵام خۆشبەختانە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان توانی ڕاددەیەك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت ئەویش بەغەرامكردنی یانەكان یاخود ڕاگرتنی یاریزانەكان و ڕاهێنەران بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، بەڵام لەخولی عێراق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دیاردەی ئاژاوە لەنێوان یانەكانی كوردستان زیاد دەكات تا ڕاددەیەك گەیشتە ئەوەی كێشە لەنێوان دوو شاری كوردستان دروست بكات، بۆ نموونە تا ئێستا یارییەكانی خولی بژاردەی عێراق كاتێك لەنێوان یانەكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆ و كەركوك و سلێمانی بەڕێوە دەچێت بەبێ كێشە تەواو نەبووە جا بێ جەماوەر بێت یاخود بەئامادەبوونی جەماوەر بێت، بۆیە پرسیار لەوەدایە هۆكاری دیاردەی ئاژاوەگێڕی لەكوردستان بۆ چی دەگەڕێتەوە.
وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ چەند لایەنێك دەگەڕێتەوە.
1-هۆكاری یەكەم بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەكان و ڕۆژنامەنووسەكان دەگەڕێتەوە، چونكە پێش بەڕێوەچوونی یارییەكان زۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەكان بۆ ئەوەی زیاترین ژمارەی ڕۆژنامەكانیان سەرف بكرێت چەند هەواڵێك یاخود ڕاپۆرتێك لەسەر یانەكان بڵاو دەكەنەوە كە دەبێتە هۆكاری دروستبوونی كێشە لەنێوان هەردوو یانە.
2-دوای ئەوەی یانەكان ناتوانن ئەنجامی باش لەپاڵەوانێتیەكە بەدەستبهێنن، بۆ شاردنەوەی ئەم سەرنەكەوتنە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكان هەوڵ دەدەن كێشە لەگەڵ یانەكان دروست بكەن بۆئەوەی سەرنەكەوتنی خۆیان باس نەكرێت و پارێزگاری لەپۆستەكانی خۆیان بكەن، تا ڕاددەیەك هەندێك لەئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكانی كوردستان ئاستی ڕۆشنبیران وەكو پێویست نییە یاخود ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوی لەناكاو بكەن، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە لەكاتی یارییەكان.
3-كاتێك لەنێو یاریگا یاریزانەكان ناڕەزایی لەبڕیارەكانی ناوبژیوان یاخود لەهەڵسوكەوتی یاریزانانی تیپی بەرانبەر بەشێوەیەكی دوور لەگیانی وەرزشی دەردەبڕن، ئەمە دەبێتە هۆكاری دروستبوونی بارێكی نالەبار لەنێوان جەماوەر و ئەمە چەندین جار ئەم كێشانە دووبارە دەبێتەوە.
4-كاتێك بارودۆخێكی نالەبار لەیاریگاكان دروست دەبێت، پیاوانی پۆلیس ناتوانن مامەڵەیەكی تەواو لەگەڵ ڕووداوەكان بكەن، زۆربەی جار بەگرژیەوە ڕووبەڕووی ڕووداوەكان دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئاژاوە لەنێو یاریگا.
5-دەستەی هاندەرانی یانەكان لەئەركی بەرپرسیاریەتی نینە لەیارییە گرنگەكان و لەزۆربەی یارییەكان ڕۆڵێكی نیگەتیڤ دەگێڕن.
چۆن چارەسەری ئەم دیاردەیە دەكرێت
بۆئەوەی ئەم دیاردەیە بەتەواوی لەكوردستان چارەسەر بكرێت، دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكرێت.
1-دەبێت ڕۆژنامەنووسان پێش دەستپێكردنی یارییەكان یاخود پاڵەوانێتیەكان بەڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵسن، ئەویش بەنووسینی چەند بابەتێكی تایبەت بۆ ڕۆشنبیركردنی جەماوەر و ڕوونەدانی ئاژاوە لەیارییەكان و هەروەها ئەنجامدانی چەند ڕاپۆرتێك بۆئەوەی لە كەناڵە ئاسمانییەكان بڵاوبێتەوە لەسەر هەمان بابەت.
2-دەبێت دەستەی كارگێڕی یانەكان مانگانە سیمینارێك لەسەر چۆنیەتی هاندان و گیانی وەرزشی و ڕۆشنبیركردنی جەماوەر و دوورخستنەوەیان لەكاری توندوتیژی بۆ جەماوەری یانەكانیان ئەنجام بدەن.
3-لەزۆربەی وڵاتەكان بەشێكی تایبەت لەپیاوانی پۆلیس تایبەت دەبێت بەنەهێشتنی ئاژاوە لەنێو یاریگاكان، ئەم بەشە بەشێوەیەك ڕاهێنانراون، كە لەژێر فشارێكی توند كاردانەوەی باشیان هەبێت و ببنە هۆكاری هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.
4-دەبێت زۆربەی ئەندامانی دەستەی هاندەرانی یانەكان كەسانی ڕۆشنبیر بن بۆئەوەی بتوانن سەرۆكایەتی ئەم هەموو جەماوەر بكەن و هەروەها بتوانن بەرانگاری ڕووداوەكان بن.
5-دەبێت یەكێتیە وەرزشیەكان بڕیاری توند لەسەر یانەكان بچەسپێنێت بۆئەوەی ئەم كارانە دووبارە نەبێتەوە، چونكە لەزۆربەی یەكێتیە وەرزشیەكانی جیهان ئەم جۆرە بڕیارە هەیە و تا ڕاددەیەك توانراوە كۆنترۆڵی ئاژاوەگێڕی بكرێت.
بەداخەوە هەفتەی ڕابردوو لەیاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و دهۆك لەخولی بژاردەی عێراق ڕووداوی دوور لەگیانی وەرزشی ڕوویدا كاتێك هێڕشكرایە سەر شاندی یانەی هەولێر لەلایەن پیاوانی پۆلیس و جەماوەری یانەی دهۆك، ئەمەش بووە هۆكاری دروستبوونی كێشەیەكی گەورە لەنێوان خەڵكی هەردوو شاری دهۆك و هەولێر، دەتوانین بڵێین ئەم ڕووداوە كاردانەوەی لەدەرەوەی بواری وەرزش هەبوو.