مۆراتی مۆرینۆی نوێی دۆزیوەتەوە

مۆراتی مۆرینۆی نوێی دۆزیوەتەوە
تۆڕی كالچیۆ میركاتۆی ئیتاڵی گوتی مایسمۆ مۆراتی سەرۆكی یانەی ئینتەرمیلان ویستی زۆری هەیە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ یۆرگن كلۆپی راهێنەری یانەی برووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی كە سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ وەرزی دووەم لەسەریەك نازناوی خولی ئەڵمانی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەدەست هێنا.
كلۆپ لە دیارترین راهێنەرە گەنجەكانی ئێستای تۆپی پێی ئەوروپییە و پێشبینی دەكرێت بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەكەی لە دوو وەرزی رابردوو بەدەستی هێنا و مانەوەی چەندین یانەی گەورە بەبێ راهێنەری باش، كلۆپ بەم نزیكانە ریزەكانی برووسیا دۆرتمۆند جێبێڵێت.
یانەی ئینتتەرمیلان لە پێشەنگی ئەو یانانە دێت كە بەدوای راهێنەرێكی باش و نایابدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی یانەكە بگێڕێەوە بۆ راستەرێی بردنەوەی نازناوەكان.
لە دوای رۆیشتنی جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالییەوە، یانەی ئینتەرمیلان كێشەی گەورەی لە راهێنەراندا هەیە و هەریەك لە گاسپەرینی و رافا بینیتێز و كلاودیۆ رانێری نەیانتوانی هیچ بۆ یانەكە بكەن.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیتاڵیا دەڵێن كلۆپ دەتوانێ ببێتە ئەو مۆرینۆ نوێیەی مۆراتی دەمێكە بەشوێنیدا وێڵە.
Top