كچانی تۆپی بالەو باسكەی ئەكاد بەشداری لەپاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی دەكەن

كچانی تۆپی بالەو باسكەی ئەكاد بەشداری لەپاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی دەكەن
دوای ئەوەی هەردوو تیپی تۆپی بالەو باسكەی كچانی ئەكاد توانیان ببنە پاڵەوانی عێراق بۆ ئەم دوو یارییە لەسەر ئاستی كچان، هەردوو یەكێتی تۆپی بالەو باسكەی عێراق بەفەرمی بڕیارییان دا یانەی ئەكاد دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی بەشداری لەپاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بكەن لەسەر ئاستی كچان بۆ تۆپی بالەو تۆپی باسكە، كە مانگی داهاتوو لەشاری شارقە-ی وڵاتی ئیمارات بەڕێوە دەچێت.
بۆ ئەم مەبستە دەستەی كارگێڕی یانەی ئەكاد خۆی بۆ ئەم پاڵەوانێتیە ئامادە كردووە و هەردوو تیپ لەئێستاوە دەستیان بەمەشق كردن كردووە بۆ ئەوەی بتوانن لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنن، بۆیە دەستەی كارگێڕی یانەكە بڕیاری داوە گرێبەست لەگەڵ دوو یاریزانی پیشەگەر بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپی بالە بەشداری لەم پاڵەوانێتیە بكەن، ئەویش یاریزانێكی ئێرانی و سوریە، بەهەمان شێوە وا بڕیارە گرێبەست لەگەڵ دوو یاریزانی پیشەگەری ئەمریكی مۆربكەن بۆ تیپی تۆپی باسكە، ئەم دوو یاریزانە لەخولی توركیا یاری دەكەن.
لەلێدوانێكیدا مونیر ئیسحاق ڕاهێنەری تیپی تۆپی بالەی كچانی ئەكاد گوتی: ئێمە چاوەڕوانی پشتگیری لەلایەنە پێوەندارەكان دەكەین بۆ ئەوەی بڕە پارەیەكمان بۆ دابین بكات تاكو بتوانین ئۆردوگایەكی مەشقی لەدەرەوەی كوردستان ئەنجام بدەین تاكو بتوانین ئاستی یاریزانەكانەمان بگەیننە لووتكە و لەمباریەوە بەڵێنمان پێدراوە.
لەكۆتایی قسەكانیدا مونیر ئیسحاق گوتی: یانەكەمان بۆ یەكەمین جارە بەشداری لەم جۆرە پاڵەوانێتیانە دەكات بۆیە هەوڵ دەدین ناوی یانەكە و شارەكەمان بەرزبكەینەوە و ئەنجامی باش بەدەستبهێنین.
جێگەی باسە پاڵەوانێتی یارییەكانی عەرەبی خۆی لەیارییەكانی تۆپی بالەو باسكە و گۆڕەپان و مەیدان و تۆپی سەرمێز و تیروكەوان دەبینێتەوە و تایبەتە بەیانە پاڵەوانەكان لەسەر ئاستی كچان و لەمانگی داهاتوو لەشاری شاریقە بەڕێوە دەچێت.
Top