ئەو پرسیارەی چاڤی لەبارەی مێسی وەڵامی دایەوە، چی بوو?
هەریەك لە یاریزانان (چاڤی هێرناندێز، لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ) كە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی 2011 دەستنیشان كراون و دووشەممەی داهاتوو لە ئاهەنگێكی تایبەتدا براوەی ئەم خەڵاتە ئاشكرا دەكرێت. بە پێی ڕاگەیاندنە وەرزشییەكانیش ڕەنگە (لیۆنێل مێسی) بۆ سێیەمین جار ئەم خەڵاتە لە باوەش بگرێت.
لەم بارەیەوە (چاڤی هێرناندێز) دەڵێت: “بێگومان حەزدەكەم خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ببێتە بەشی من، بەڵام من ئەستێرە و هاوڕێم لە یانەكەم (لیۆنێل مێسی) بە شاییستەترین كەس بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵانە بەربژار دەكەم، چونكە بە بێ هیچ گومانێك (لیۆ) بە درێژایی مێژوو باشترین یاریزانی جیهانە، ئەگەر لەسەر ئەو ئاستەیشی بەردەوام بێت، تا جیهان ماوە یاریزانێكی دیكەی هاوشێوەی (مێسی) درووست نابێتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، لە بارەی جیاوازی ئاستی (مێسی) لە بەرشلۆنە و ئەرژەنتین، (چاڤی) دەڵێت: “من لە یاریگە نزیكترین كەسی ئەو یاریزانەم، ئەو لە نێو یاریگە زۆر پێویستی بە منە، هەروەها منیش پێویستیم بە ئەوە، هەروەك چۆن (مێسی) پێویستی بە (ئینیێستا، بۆسكێتس و ئالڤێس)ـیش هەیە،
هەروەها هەمووشمان بە یەكەوە لە یانەی بەرشلۆنە تەواوكەری یەكترین، بەڵام كاتێك ئەو یاریزانە لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەكەی یاریی دەكات، یاریزانەكان نابنە تەواوكەری ئەو، بۆیە ئەو ئاستەی (لیۆ) لە یانەكەی پێشكەشی دەكات، ناتوانێت وەكو پێویست بۆ هەڵبژاردەكەی پێشكەشی بكات، ئەگینا ئەو یاریزانە خاوەن توانایەكی بێ وێنەیە.”
هەولێر وەرزش