بۆچی روونی بەشداری یارییەكەی بلاكبێرنی نەكرد

بۆچی روونی بەشداری یارییەكەی بلاكبێرنی نەكرد
دوای دۆڕانی یانەی مانچستەر یونایتد لەسەر یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی بلاكبێرن و سووربوونی سێر ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری یانەكە لەسەر بەشداری پێنەكردنی روونی لە یارییەكەدا، رۆژنامەی ئینگلتەرا پرسیاری ئەوەیان وروژاند بۆچی روونی بەشداری ئەو یارییەی نەكردووە؟
رۆژنامەكان گوتیان فێرگسۆن دوای بردنەوەی یاری پێشووی یانەكەی بەرامبەر یانەی ویگان، فەرمانی بە یاریزانەكانی داوە بە هیچ شێوەیەك زیادەڕۆیی لە سەركەوتن بەهۆی ئەو یارییەوە نەكەن و ئاهەنگ نەگێڕن و خۆیان بۆ یاری داهاتوو بەرامبەر بلاكبێرن ئامادە بكەن.
رۆژنامەكان دەڵێن واین روونی بە پێچەوانەی هەموو یاریزانانی تری یانەكەوە فەرمانەكەی فێرگسۆنی شكاندووە و شەوی سەركەوتن بەسەر ویگاندا تا درەنگانی شەو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لە دەرەوە ئاهەنگی گێڕاوە و ئەوەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی فێرگسۆن.
رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە دۆڕانی مان یو بە بلاكبێرن هێندەی تر پەیوەندی نێوان فێرگسۆن و روونی تووشی كێشە كردووە و دوور نییە ئەو راهێنەرە سزای زیاتر ئەو یاریزانە بدات لە یارییەكانی داهاتوودا.
Top