لانە یاسین یاریزانی یانەی برایەتی لە تۆپی بالە:دەبێت هانی كچان بدرێت بۆ ئەوەی روو لە وەرزش بكەن

لانە یاسین یاریزانی یانەی برایەتی لە تۆپی بالە:دەبێت هانی كچان بدرێت بۆ ئەوەی روو لە وەرزش بكەن
لانە یاسین یاریزانی لاوی یانەی برایەتی بۆ تۆپی بالە لە دایكبووی ساڵی 1993ی شاری كۆیەیە و قوتابی قۆناغی یەكەمی پەیمانگای وەرزشییە لە شاری كۆیە، لە هیچ یانەیەكی تری كوردستان یاری نەكردووە، سەرەتای وەرزشی هەر لە یانەی برایەتی بووە، توانیویەتی لەگەڵ ئەم یانەیە بگاتە یاری كۆتایی خولی عێراق بۆ تۆپی بالە لەسەر ئاستی كچان بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
* بۆچی یاری تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
- پێش رووكردنم بۆ تۆپی بالە یاریم لە یارییەكانی تۆپی باسكە و گۆڕەپان و مەیدان و پایسكلسواری كرد، بەڵام دواتر ڕووم لە یاری تۆپی بالە كرد، چونكە بۆ ئەم یارییە گونجاو بووم و حەزم لەم یارییە بوو.
* تا چەند لە ئاستی یانەكەت لە خولی عێراق ڕازی بوویت؟
- تا رادەیەك زۆر لە ئاستی یانەكەم رازی بووم، لە پاڵەوانێتی عێراق بۆ تۆپی بالەی كچان و ئەوەی لە توانامان دابوو پێشكەشمان كرد.
* ئاستی تۆپی بالەی كچان لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- بە گشتی ئاستی تۆپی بالەی كچان لە كوردستان پێشكەوتوو نییە، بەڵام لە چاو ساڵانی رابردوو ئاستی ئەم یارییە پێشكەوتووە.
* یانەی برایەتی هاوكاریتان دەكات؟
- یانەكەمان هاوكارییەكی باشمان دەكات بۆ ئەوەی بتوانین لە پاڵەوانێتییەكان ئەنجامی باش بە دەستبهێنین و تا ئێستا هیچ درێغی لەگەڵمان نەكردووە.
* گیروگرفتتان چییە؟
- گرفتی سەرەكی ئێمە نەبوونی هۆڵە، بەڵام بە پێویستی دەزانم سوپاسی یانەی وەرزشی كۆیە بكەم، كە ئەم گرفتییە بۆ ئێمە چارەسەر كرد و هۆڵی یانەكەیان بۆ ئێمە كراوە كردووە.
* چۆن ئاستی تۆپی بالەی كچان لە كوردستان پێش دەكەوێت؟
- دەبێت هانی كچان بدرێت بۆ ئەوەی روو لە وەرزش بكەن و شكاندنی باوك سالاریی و دابونەریتی كۆمەڵایەتی، ئەگەر ئەم كارانە ئەنجام بدرێت ئەوە وەرزش بە گشتی پێش دەكەوێت.
* وەكو كچە قوتابیەك چۆن دەتوانی كاتەكانت لە نێوان خوێندن و وەرزش دابەش بكەت؟
- زۆر زەحمەتە قوتابی بی و لە هەمان كاتدا یاریزان بێت لە یانەكان،بۆیە دەبێت قوتابی بزانێت چۆن كاتەكانی لە نێوان خوێندن و وەرزشكردن دابەش بكات تاكو بتوانێت لە هەردوو لایەن سەركەوتوو بێت هەرچەندە ئەمە كارێكی قورسە، بەڵام زۆر سوپاسی پەیمانگای وەرزشی كۆیە دەكەم، كە هاوكارییەكی تەواوم دەكەن لە هەموو روویەكەوە.
* بۆچی كچە یاریزانەكان لە یەك كاتدا چەند یارییەك ئەنجام دەدەن؟
- ئەوەی راستی بێت لە كوردستان كچ بە كەمی روو لە وەرزش دەكەن ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە، كە كچە یاریزانان لە یەك كاتدا چەند یارییەك ئەنجام بدەن خۆم لە یەك كاتدا چەندین یارییم ئەنجامداوە و شانازی بەمە دەكەم.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی وەرزش كچان لە كوردستان پێشبكەوێت؟
- دەبێت لایەنە پێوەندارەكان زیاتر كار بۆ پێشخستنی وەرزشی كچان بكەن، بۆ ئەوەی ئاستی وەرزش بە گشتی لە كوردستان پێشبكەوێت و هانی دایك و باوكی كچەكان بدەن بۆ ئەوەی رێگە بە كچەكانیان بدەن روو لە وەرزش بكەن و هیودارام لە ئایندە ئاستی وەرزشی كچان لە كوردستان پێشبكەوێت.
* تا چەند سوودتان لە ئەزموونی یاریزانە پیشەگەرەكان وەرگرت لە خولی عێراق؟
- تا رادەیەكی زۆر سوودمان لە ئاستی یاریزانە پیشەگەرەكان وەرگرتووە، پەنا بەخوا لە ئایندە هەوڵ دەدین ئاستمان زیاتر پێش بكەوێت بۆ ئەوەی پێویستمان بە یاریزانی پیشەگەر نەبێت.
Top