فێرگسۆن: لە لوتكەی ئاستی خۆمانداین

فێرگسۆن: لە لوتكەی ئاستی خۆمانداین
سێر ئەلێكس فێرگسۆنی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دوای بردنەوەی تیپەكەی لە یانەی ویگان گوتی ئێمە ئێستا لە لوتكەی توانای خۆمانداین.
مانچستەر یونایتد لە دوو هەفتەی رابردوودا دوو سەركەوتنی بە ئەنجامی 5-0 لە بەرامبەر فولهام و ویگاندا بەدەست هێنا و بەوەش بووەوە هاوتای یانەی مانچستەر ستی لە پێشەنگی خولی ئینگلیزیدا.
فێرگسۆن لە لێدوانی بۆ كەناڵی یانەی مانچستەر یونایتد گوتی بردنەوەیەكی باشمان بەدەست هێنا، ئێستا رومان باشە و ئێستا بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئینگلیزی كارەكە خەریكە بكەوێتە سەر جیاوازیی گۆڵ، بەلام ئەگەر ئەمساڵ بە گرتنی پێشەنگ بە هاوتای مانچستەر ستی كۆتایی پێ بێنین ئەوە دڵخۆش دەبم.
هەروەها گوتی بەر لە چەند هەفتەیەك ئێمە بەدەست ئاستی خراپەوە دەمانناڵاند، بەڵام ئێستا هاوسەنگیمان بەدەست هێناوەتەوە و گۆڵی زۆر دەكەین.
لەبارەی برباتۆڤەوە كە لە یارییەكەی ویگاندا 3 گۆڵی تۆمار كرد، راهێنەری مانچستەر یونایتد گوتی دیمیتار یارییەكی ئاست بەرزی كرد، باڵای بەرزی ئەو زۆرجار سوودی گەورەی بۆ یانەكە هەیە بە تایبەت لە لێدانی تۆپی جێگیردا، ئەمڕۆ ئەو هاتریكی تۆمار كرد و ئەوەش ئێمەی زۆر دڵخۆش كردووە، ئەمە متمانەی ئەو بەخۆی زیاد دەكات.
Top